شوێنەواری مێژوویی فەقرەقا مەترسی لەناوچوونی لەسەرە

رووداو - هەولێر

فەقرەقا، شوێنەوارێکی مێژوویی سەردەمی کۆنە، کە مێژووەکەی بۆ هەزار ساڵ بەر لە زاین دەگەڕێتەوە، بەپێ بۆچوونی هەندێک لە ئاسەوارناسان، کۆنبوونی ئەم شوێنەوارە مێژووییە بۆ سەردەمی ماددەکان دەگەڕێتەوە و گۆڕی فرورتیش کوڕی دیاکۆ پاشای مادەکان لە ژووری ئەم ئاسەوارە مێژوویەیە.

روانگەی هەندێکی دیکە لە ئاسەوارناسان جیاوازە و دەڵێن ئەم ئاسەوارە هی سەردەمی ماددەکان نییە و لەگەڵ دوو شوێنەواری مێژوویی "دەریاز" و "بەردەهەڵکەنراوەکان"، بە شێوەی سێ گۆشە هەڵکەوتوون.

فەقرەقا لە ناوچەی دەشتی شاروێرانی مەهاباد لە نیوان دو گوندنی قومقەڵا و ئیندرقاش هەڵکەوتووە. چوار کۆڵەکە، سێ گۆڕی هەڵکەنراو و دوو پلە و دوو ژووری تێدایە و بەرزایەکەی 5 مەترە. لە ساڵی 1937ی زایینی بە ژمارەی 288 لە ریزبەندی ئاسەوارە مێژووییەکان لە ئێران ناوی تۆمارکراوە.

ئەگەرچی ئەم شوێنەوارە بە یەکێک لە شاکارەکانی سەردەمی کۆن دادەنرێت و بەڵگەیەکە بۆ کۆنبوونی شارستانییەتی ئەم ناوچەیە، بەڵام لە خزمەتگوزاریی رێگا، کارەبا، هوتێل، شوێنی حەوانەوە و رێستوران بێبەشە.

هەردوو دیوی دەرەوە و ناوەوەی ئەم شوێنەوارە مێژووییە بە هۆی بێ بایەخکرانی نەپارێزراوە و یاساو رێسایەک بۆ سەردانی دیاری نەکراوە.

نووسینی یادگاریی، هەڵکەندنی دیوارەکان و زبڵ و پاشماوە، سیمای ئەم ئاسەوارەی مێژوویەی گۆڕیوە. تەنانەت لەلایەن جوتیارانی گوندی ئیندرقاشەوە هەموو دەوروبەری ئەم شوێنەوارەیان کێڵاوە و بۆ کشتوکاڵ کەڵکی لێوەردەگرن، ماڵی میراتی کولتووریی و پیشە دەستییەکان کە لێی بەرپرسە، هیچ هەڵوێستێکی نەبووە.

فەقرەقا تەنیا یەکێک لە ئاسەوارە پەراوێزخراوەکانی کوردستان نییە، چەندین ئاسەواری مێژووی کە بەشێکن لە ناسنامەی نەتەوەی کورد، هەمان چارە نووسی فەقرەقایان هەیە. ئەگەر بێت و خزمەتگوازاریی بۆ بکرێت، رەنگە ببێتە شوێنێکی گەشتیاریی و قازانجیشی بۆ هاونیشتمانیانی ئەم ناوچەیە هەبێت.