رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، رۆژی هەینی لەسەر پرسی پرۆگرامی ئەتۆمی لەگەڵ هەر یەک لە فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا لەسەر ئاستی جێگرانی وەزیری دەرەوە کۆدەبنەوە.
رۆژی یەکشەممە، 24-11-2024، ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند: "چەندین پرسی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، لەنێویاندا پرسی فەلەستین و لوبنان، پرسی چەکی ئەتۆمی گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت."
بەقائی هەروەها رایگەیاند، گفتوگۆکان تەواوکەری ئەو گفتوگۆیانە دەبن کە لە ئەیلوولی 2024، لە پەراوێزی کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەنێوان ئەو وڵاتانە کراوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان کۆبوونەوەکە لە شاری جەنەوای سویسرا دەکرێت.
کۆبوونەوەکە دوای ئەوە دێت کە رۆژی پێنجشەممە، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بڕیارنامەیەکی لە دژی ئێران پەسند کرد.
ئاژانسەکە سەرکۆنەی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران و نەبوونی هاوئاهەنگی پێویستی تارانی لەگەڵ ئاژانسەکە کرد.
ئاژانسەکە هەروەها داوای لە تاران کرد زانیاری تەواو لەبارەی یۆرانیۆمی پیتێندراو لە هەردوو بنکەی فۆردو و نەتەنز بدات.
ئێران ئەو سێ وڵاتە و ئەمریکا بەهۆکاری سەپاندنی سزا نوێیەکەی ئاژانسی وزەی ئەتۆم بۆ سەر وڵاتەکەی دادەنێت.
ئەمڕۆ ئێران وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ بڕیارنامەکەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، دانیشتنی پەرلەمانی وڵاتەکەی بە وەگەڕخستنی چەند سەنتەرفیوجێکی نوێ دەستپێکرد.
محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند: "بۆ وەڵامدانەوەی بڕیاری ئەنجوومەنی دادوەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، کۆماری ئیسلامیی ئێران وەکارخستنی سەنتەرفیوجی نوێ و پێشکەوتوو دەستیپێکرد".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ