وەزیری دەرەوەی ئێران: ئەڵمانیا دابینکاری سەرەکیی چەکی کیمیایی بوو بۆ سەدام حوسێن


رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئێران بە تووندی هێرشی کردە سەر ئەڵمانیا و بە دابینکاری چەکی کیمیایی بۆ سەدام حوسێن تۆمەتباری دەکات. دەشڵێت، وڵاتانی رۆژئاوا "هاوخەمییەکی ساختە" بۆ خەڵکی ئێران دەردەبڕن.
 
رۆژی پێنجشەممە، 24-11-2022، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە تویتێکدا لە پەڕەی تایبەتیی خۆی لە تویتەر گوتی، "رژێمی بەرلین کە دابینکاری سەرەکیی چەکی کیمیایی سەدام و هەلپەرستەکانی دیکە بوو لە دژی خەڵکی ئێران، ماوەی چەندین ساڵە پێشێلکارییەکی فراوانی مافەکانی مرۆڤ دەکات لە رێگەی سزا نادادپەروەر و نامرۆڤانەکانییەوە."
 
گوتەکانی ئەو بەرپرسە باڵایەی ئێران لە کاتێکدایە، دوای دەستپێکردنی خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا و ئەمریکا ژمارەیەک سزای تووندیان بەسەر کۆماری ئیسلامیی ئێران و ژمارەیەک بەرپرسی باڵا و پلە مامناوەندی ئەو وڵاتە سەپاندووە.
 
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان ئەو سزایانە بە "شەرمەندانە" ناودەبات و دەڵێت، وڵاتانی رۆژئاوا "ئەو کارانە بۆ یارییە نێوخۆییە بێنرخەکانیان دەکەن". ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لە تویتەکەیدا روو لە وڵاتانی رۆژئاوا دەکات و دەشڵێت، "دەبێت ئەوە بزانن، ئێران پەیڕەوی مافەکانی مرۆڤ دەکات، بەڵام رێگە بە هیچ وڵاتێک نادات دەستوەردان لە کاروبارە نێوخۆییەکانیدا بکات."
 
دوای دەستپێکی خۆپێشاندانەکانی 16ی ئەیلوولی ئەمساڵ کە بەهۆی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، کچە کوردی خەڵکی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان کە باوکی گوتی، کوژراو، سەریهەڵدا، ئێران 40 هاووڵاتیی بیانی بە تۆمەتی سیخوڕیکردن لەنێو ئێران و بەشداریکردن لە خۆپێشاندانەکاندا دەستگیرکردووە.
 
لە بەرامبەردا یەکێتیی ئەوروپا نزیکەی 130 بەرپرس و زیاتر لە 10 دامەزراوە و فەرمانگەی ئێرانی خستووەتە نێو لیستی سزاکانییەوە.
 
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان نوسیویەتی، وڵاتانی رۆژئاوا بە "دووڕوویی" مافەکانی مرۆڤ وەک بیانوو بۆ "دژوەستانەوەی" خەڵکی ئێران بەکاردەهێنن. دەشڵێت، "هەموو ئەمەش لە ژێر ناوی ساختەی هاوخەمی لەگەڵ ئێرانیەکان دەکەن."