لە ئێران 2206 پیاو بەهۆی نەدانی مارەیی ژنەکانیان لە زیندانن

24-10-2023
سینا سۆما
نیشانەکردن ئێران
A+ A-
هەولێر دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی دەستەی دیەی ئێران رایگەیاند، ئێستا لە ئێران زیاتر لە دوو هەزار پیاو، کە توانایان نەبووە پارەی مارەیی هاوژینەکانیان بدەن لە زینداندان.
 
رۆژی دووشەممە، 23-10-2023، ئەسەدوڵڵا جولایی، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی دەستەی دیەی ئێران رایگەیاند، ژمارەی ئەوانەی کە بەهۆی پارەی مارەیی هاوژینەکانیان لەو وڵاتە خراونەتە زیندانەوە، روو لە زیادبوونە و گوتی، "سەرەڕای ئەوەی دۆسیەی زیاتر لە 1100 کەس کە قەرزداری پارەی مارەیی بوون داخراوە، هێشتا دوو هەزار و 206 پیاوی ئێرانی بەهۆی ئەوەی توانایان نییە پارەی مارەیی هاوژینەکانیان بدەن، زیندانی کراون."
 
بە گوتەی ئەسەدۆڵڵا جولایی، زۆربەی ئەو کەسانە بەهۆی ئەوەی نەیانتوانیوە چەند سکەیەکی زێڕ وەکو مارەیی بۆ هاوژینەکانیان بکڕن، خراونەتە زیندانەوە.
 
جولایی ئاشکرای کرد، لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 192 گیراوی ژن و 4 هەزار و 32 پیاو کە بەهۆی قەرز یان سزای داراییەوە زیندانی کرابوون، لە لایەن خێرخوازانەوە پارەیان بۆ دابینکراوە و ئازادکراون. 
 
گوتیشی "خێرخوازان بۆ ئازادکردنی ئەو کەسانە، زیاتر لە 5 هەزار و 600 ملیار تمەن (نزیکەی 98 ملیۆن دۆلار)ـیان دابین کردووە."

 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە