لە ئێران قەدەخە لەسەر هەناردەکردنی گەنم هەڵگیرا
هەولێر دیجیتاڵ
وەزارەتی کشتوکاڵی ئێران رایگەیاند، بڕیاریان داوە قەدەخەی سەر هەناردەکردنی گەنم هەڵبگرن، بەمەرجێک بەڕێوەبەرایەتیی دانەوێڵەی پارێزگاکان دوای بەدواداچوونەکانیان، بە هەناردەکردنەکە رازی بن.
بەپێی میدیای فەرمیی ئێران، رۆژی دووشەممە (23-10-2023) ئەحمەد خانی نووزەری، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ کاروباری گەشەپێدانی بازرگانی، بە نامەیەکی فەرمی مەهدی زەیغەمی، بەڕێوەبەری رێکخراوی گەشەپێدانی بازرگانیی ئێرانی لە بڕیاری هەڵگرتنی قەدەخەی هەناردەکردنی گەنم ئاگادار کردووەتەوە.
لە بڕیارەکەدا هاتووە "دەستنیشانکردن و دیاریکردنی ئەو ئاردەی لە ئامادەکردنی ناندا بەکاردێت، لە دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دانەوێڵە و خزمەتگوزارییە بازرگانییەکانی پارێزگاکانە، کە پێویستە کۆنترۆڵی ئەو گەنمانە بکەن، کە بە نرخی ئازاد کڕدراون و بڕی ئەو ئاردەی لێی بەرهەمدێت دیاری بکەن. بۆیە ئەگەر ئەو گەنمەی بۆ ئامادەکردنی نان بەکاردێت، بەبێ پاڵپشتی کڕدرابێت و گومرگ بە پشتبەستن بە بەڵگەنامە پەیوەندیدارەکان ئەوە پشتڕاست بکاتەوە، [هەناردەکردنی ئەو گەنمە) لە لایەن وەزارەتەوە رێگەپێدراوە."
هەڵگرتنی قەدەخەی سەر هەناردەکردنی گەنم لە ئێران لە کاتێکدایە؛ بە پێی ئاماری فەرمیی وەزارەتی کشتوکاڵی ئەو وڵاتە، ئەمساڵ سەرووی 10 ملیۆن تۆن گەنم لە جووتیاران وەرگیراوە، بەو پێیەش بۆ ئەمساڵ ئێران پێویستی بە هاوردەکردنی گەنم نابێت.
لە ساڵانی رابردوودا بەهۆی وشکەساڵی و کەمیی رێژەی بەرهەمهێنانی گەنم لە ئێران، حکومەتی ئەو وڵاتە هەناردەکردنی گەنم، ئارد و نانی قەدەخە کردبوو.
بەپێی میدیای فەرمیی ئێران، لە ساڵی 2022، سەرەڕای قەدەخەکردنی هەناردەکردنی گەنم، ئارد و نان لە لایەن حکومەتی ئەو وڵاتەوە، 94 هەزار و 773 تۆن گەنم بە بەهای زیاتر لە 86 ملیۆن و 556 هەزار دۆلار هەناردە کراوە.