لە تاران و ئیسفەهان خوێندکارانی کچ و کوڕ پێکەوە نان دەخۆن

24-10-2022
رووداو @Rudawkurdish
 نانخواردنی خوێندکارانی کچ و کوڕی زانکۆی پیشەسازیی شەریفی تاران پێکەوە
نانخواردنی خوێندکارانی کچ و کوڕی زانکۆی پیشەسازیی شەریفی تاران پێکەوە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بە رۆژ زۆرترین دەنگی ناڕەزایی لە زانکۆکانی ئێرانەوە دەبیسترێت؛ 38 رۆژە رۆژانە لە چەندین زانکۆی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان گردبوونەوە و خۆپێشاندان هەیە.
 
لە هەمەدان، خوێندکارانی زانکۆی ئازاد، رۆژی دووشەممە لە جێگەی چوونە پۆلەکانی خوێندن، لە حەوشەی زانکۆ خۆپێشاندانیان کرد و گوتیان: بەسە ستەمکردن لە خەڵک.
 
خوێندکارانی زانکۆی پیشەسازیی شەریفی تارانیش ئەمڕۆ بە گردبوونەوە و دروشمدان دەستیان پێکرد و بە نیشانەی ناڕەزایی لە جیابوونی شوێنی نانخواردنی کوڕان و کچان، نانی نیوەڕۆیان پێکەوە لە حەوشەی زانکۆ خوارد. لە زانکۆی زانستی پزیشکی ئیسفەهانیش، خوێندکاران سنووری نێوان کوڕ و کچانیان هەڵگرت و بەو شێوەیە ناڕەزاییان دەربڕی. 
 
لەو زانکۆیانەی گردبوونەوە و خۆپێشاندانیش نەبوو، مانگرتن هەبوو. وەک کۆلێژی زانستە وەرزشییەکانی زانکۆی فیردۆسی مەشهەد یان زانکۆی کاشان. هەروەها خوێندکارانی زانکۆی پزیشکیی زاهیدان بە دروشمدان خۆپێشاندانیان کرد. 
 
گوتەبێژی حکومەتی ئێران چەند رۆژ پێش ئێستا چووە زانکۆی خاجە نەسیری تاران، بۆ ئەوەی قسە لەگەڵ خوێندکاران بکات، بەڵام داوای لێکرا زانکۆکەیان جێ بهێڵێت.
 
ناڕەزایەتییەکان هەر لە زانکۆکان نین، لەنێو شارەکانیش، وەک میترۆی تاران بەردەوامە و هاووڵاتییان دژی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دروشیان گوتەوە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە