خۆپێشاندانەکان بازاڕی جلوبەرگ و پۆشاک لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان سست دەکات

24-10-2022
فواد حەقیقی
بەڕێوەچوونی خۆپێشاندانێک لە رۆژهەڵاتی کوردستان
بەڕێوەچوونی خۆپێشاندانێک لە رۆژهەڵاتی کوردستان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

مانگرتنی بازاڕ دەتوانێت تێچوویەکی زۆر لەسەر حکومەتەکان دابنێت، بەجۆرێک کە کاریگەریی مانگرتن و ناڕەزایەتییەکانی ئەم ماوەیە بەسەر ئابووری ئێرانەوە دەرکەوتووە. 
 
مەجید نامی، جێگری سەرۆکی یەکێتیی پۆشاکی ئێران دەڵێت: بەهۆی نائارامییەکانەوە کارگەکان بەرهەمیان کەم کردووەتەوە و ژمارەی کرێکارەکانیان کەم کردووەتەوە. بەگوتەی نامی، لە یەک مانگی رابردوودا فرۆشی پۆشاک سفر بووەتەوە.
 
حکومەت بۆ سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان ئینتەرنێتی زۆر سنووردار کردووە و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی فیلتەر کردووە، ئەمەش جگە لە ئاستی نێوخۆ، کاریگەریی لەسەر ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەرەکی و وەبەرهێنانی دەرەکیش لە ئێران داناوە. 
 
فەرزین فەردیس، ئەندامی دەستەی نوێنەرایەتی ژووری بازرگانیی ئێران دەڵێت، "ئەو هەناردەکارەی کە دەیەوێت لەگەڵ لایەنە بیانییەکەیدا، دانوستاندن بکات و ئاڵوگۆڕی نرخ بکات و سەرەنجام شت بفرۆشێت و پارە بۆ وڵات بهێنێتەوە، بە داخەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییە بیانییەکاندا ناتوانێت ئەو کارە بکات، لایەنی بەرامبەریش ناتوانیت تۆڕە کۆمەڵایەتییە نێوخۆییەکان بەکاربهێنێت. بڕانی ئینتەرنێت ئامرازێکی گرنگی کار و کەسابەت لە خەڵک دەستێنێت و زیان لە بەرژەوەندییە گشتییەکان دەدات."
 
بەگوتەی حوسێن سەلاح وەرزی، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانیی ئێران، هەندێک لە شاندە بازرگانییەکانی، وەک شاندی بازرگانی پۆڵەندا، پێشتر رایانگەیاندبوو، سەردانی ئێران دەکەن، بەڵام لە سەرمایەگوزاریی لە ئێران پاشگەز بوونەتەوە.
 
حوسێن سەلاح وەرزی باسی لەوەش کرد: بەهۆی کێشەی ئینتەرنێتەوە کۆمپانیا گەورەکان لە بەرهەمهێنانی شیرەمەنییەوە بگرە تاوەکو دەرمان و بەرهەمهێنانی پۆڵا و رستن و چنین کێشەیان بۆ دروستبووە. 
 
فەرزین فەردیس ئاماژەی بەوەش کرد، "بۆرسە، بانک، بیمە، گەشتیاری، گواستنەوە، هەناردەکار و هاوردەکار و بەرهەمهێنەر هەموویان بە ئینتەرنێتەوە بەستراونەتەوە." 
 
حکومەتی ئێران ئینستاگرام و واتس ئەپی فیلتەر کردووە. ئەو دوو ئەپە لە ئێراندا بەکارهێنەری زۆریان هەیە. دوو هەفتە لەمەوبەر رێکخراوی پیشە کۆمپیوتەرییەکان بڵاویکردەوە، کار و کەسابەتە ئینتەرنێتییەکان رۆژانە لە 50 ملیۆن تمەن تاوەکو 500 ملیۆن تمەن زەرەر دەکەن. 
 
ناڕەزایەتییەکان بووەتە هۆی ئەوەی دیکە بازاڕ رادەوەستێت. هەروەها جگە لە گەمارۆکان نائارامییەکانیش وا دەکەن وەبەرهێنەری بیانی مەیلی بۆ سەرمایەگوزاری لە ئێراندا نەبێت، ئەگەر ناڕەزایەتییەکان درێژە بکێشن، کاریگەریی قوڵتری لەسەر ئابووری ئێران دەبێت. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

چەند دەرمانخانەیەک لە شەقامێکی ئێران

لە ئێران 360 جۆری دەرمان بە ئەستەم دەستدەکەون و هۆشداری دەدرێت بگاتە 900 جۆر

کۆبوونەوەی لیژنەی کۆمەڵایەتیی پەرلەمانی ئێران بە ئامادەبوونی بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستی و تیمی ئابووریی حکومەت بەڕێوەچوو، کێشەی گرانبوون و کەمیی دەرمانیان لە وڵاتەکە تاوتوێ کرد