ئێران بایی 138 ملیۆن دۆلار ماسیی هەناردەکردووە
رووداو دیجیتاڵ
هەناردەی ماسی و بەرهەمە دەریاییەکان لەلایەن ئێرانەوە بەڕێژەی 24٪ زیادبووە و، داهاتەکەی نزیکەی 140 ملیۆن دۆلار بووە.
ئیدارەی گومرگەکانی ئێران بڵاویکردەوە، لە پێنج مانگی یەکەمی ساڵی دارایی ئێران [20ـی ئادار تاوەکو 21ـی ئابی ئەم ساڵ]، 68 هەزار تۆن بەرهەمی ماسی و گیاندارە دەریاییەکانیان هەناردە کردووە.
بەهای ئەو بەرهەمانەی هەناردەکراون دەگاتە زیاتر لە 138 ملیۆن دۆلار. بەمەش بەراورد بە پار 24٪ زیادبووە.
لە رووی کێشەوە، هەناردەی بەرهەمەکان 32٪ زیادبووە بەراورد بە هەمان ماوەی پار.
لەو پێنج مانگەدا، ئێران بایی 32 ملیۆن و 700 هەزار دۆلار سەگەماسی، 31 ملیۆن و 300 هەزار دۆلار رۆبیان، 14 ملیۆن و 600 هەزار دۆلار ماسیی توونە، 11 ملیۆن و 400 هەزار ماسیی جۆری کارپ و 9 ملیۆن و 100 هەزار دۆلاریش ماسیی سەردینی هەناردە کردووە.