سێ هەفتەیە مانگرتنی پەرستارانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە

رووداو دیجیتاڵ

سێ هەفتەیە مانگرتنی پەرستارانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە چەند پارێزگایەک بەردەوامە و، ئەمڕۆ پەرستارانی لوڕستانیش دەستیان بە مانگرتن کرد.
 
ئەمڕۆ (شەممە، 24-8-2024) پەرستارانی شارەکانی خوڕەمئاوا، کرماشان، تاران، ئیسفەهان، شاری کورد و چەندین شاری دیکەی ئێران گردبوونەوە و ئامادەنەبوون بچنە سەر کارەکانیان، تاوەکو وەڵامی داواکارییەکانیان دەدرێتەوە. 
 
پەرستارانی ناڕازی داوای ئازادکردنی ئەو پەرستارانەش دەکەن کە رۆژانی پێنجشەممە و هەینی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەرکراون.
 
رۆژی هەینی ئەنجوومەنی هاوئاهەنگی ناڕەزایی پەرستارانی ئێران رایگەیاند، ژمارەیەک پەرستاری نەخۆشخانەکانی تاران و ئەراک، بەهۆی دەربڕینی ناڕەزایی و مانگرتن لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتەوە دەستبەسەرکراون.
 
لە سێ هەفتەی رابردوودا پەرستارانی پارێزگاکانی کرماشان، ئیلام، سنە، فارس، تاران، مەشهەد، ئیسفەهان، مازندەران، گیلان و چەند پاریزگایەکی دیکەی ئێران مانگرتنیان دەستپێکردووە و داوای زیادکردنی مووچەی کاتی دەوامی زیادە و، کەمکردنەوەی گوشارەکانی کارکردنیان بەهۆی نەبوونی پەرستار لە نەخۆشخانەکان دەکەن.
 
دەوامی پەرستاران لە نەخۆشخانەکانی ئێران 7 کاژێرە و مووچەیشیان لەنێوان 12 بۆ  16 ملیۆن تمەنە (200 بۆ 300 دۆلار)، ئەوەش وایکردووە ناچار بن لە دۆخی خراپی ئابووریی ئێستای ئێراندا دوو شیفت کار بکەن کە بەپێی ئەو نرخەی حکومەت بۆی دیاریکردوون، رۆژانە بۆ حەوت کاژێر کاری زیادە، تەنیا 150 هەزار تمەن وەردەگرن. 
 
وەزارەتی تەندروستی سێ ساڵە بڕیاری زیادکردنی مووچەی دەوامی زیادەی بە پەرستاران داوە، بەڵام تاوەکو ئێستا جێبەجێنەکراوە.
 
ئەنجوومەنی پەرستاران دەڵێت، قورسبوونی کار، دەوامی زیادە و کەمیی مووچە، بوونەتە هۆی بێهیوایی پەرستاران و ئەوەش وایکردووە، زیاتر لە سێ هەزار پەرستار ساڵانە لە ئێرانەوە بەرەو وڵاتانی دیکە کۆچ بکەن.