ئێران بۆ بەریتانیا و فەرەنسا: لە تۆڵەکردنەوەی ئیسماعیل هەنییە پاشەکشە ناکەین

 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری دەرەوەی ئێران بەتەلەفۆن قسەی لەگەڵ هاوتا بەریتانی و فەرەنسییەکەی کردن و پێی راگەیاندن کە تاران مافی خۆیەتی وەڵامی کوژرانی ئیسماعیل هەنییە بداتەوە. 
 
رۆژی هەینی، 23ـی ئابی 2024، ئاژانسی هەواڵیی فەرمیی ئێران رایگەیاند، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ هەریەکە لە دەیڤد لامی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا و ستێفان سێژورن، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا قسەی کردووە. 
 
بەگوێرەی ئاژانسی فەرمیی ئێران، عەباس عێراقچی بە وەزیری دەرەوەی بەریتانیای راگەیاندووە: "ئێران نایەوێت جەنگەکە فراوانتر بکات، بەڵام لە مافی رەهای خۆی بۆ وەڵامدانەوەی کردە تاوانکاری و تیرۆریستییەکانی رژێمی زایۆنی لە تاران پاشەکشە ناکات". 
 
هاوکات، وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، ستێفان سێژورن نیگەرانی خۆی لەبارەی دۆخی ناوچەکە بە هاوتا ئێرانییەکەی گەیاندووە. 
 
بەگوتەی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا، "وەزیری دەرەوەی فەرەنسا داوای لە هاوتا ئێرانییەکەی کردووە، هەموو هەوڵێک بدات بۆ ئەوەی جەنگێکی ناوچەیی روونەدات، کە لە بەرژەوەندی هیچ کەسێک، لەنێویاندا ئێراندا نییە".
 
دوێنێ هەینی، جۆن کێربی، گوتەبێژی ئاژانسی نیشتیمانی ئەمریکا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا هۆشداریدا لەوەی هێشتا ئەگەری هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل هەیە و گوتیشی، "پێم وایە ئەوان [ئێران] هێشتا ئامادەن بۆ ئەوەی شتێک بکەن".
 
ئەوە لەکاتێکدایە، ئەمریکا، میسر و قەتەر وەک نێوەندگیر هەوڵ دەدەن حەماس و ئیسرائیل بە وەستاندنی جەنگ و ئازادکردنی بارمتەکان رازی بکەن و رێگری لە فراوانبوونی جەنگەکە بگرن، بەڵام ئێران پێی وایە ئاگربەستی غەززە و تۆڵەسەندنەوەی ئیسماعیل هەنییە دوو پرسی جیان. 
 
رۆژی 19ـی ئەم مانگە، ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی هەفتانەیدا گوتی: ''پرسی ئاگربەست جیایە لە مافی رەوای ئێران بۆ وەڵامدانەوەی دەستدرێژکار.''
 
31ـی تەممووز، ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە تارانی پایتەختی ئێران کوژرا، ئەوەش هەڕەشەی ئێرانی بۆ تۆڵەکردنەوە و مەترسیی فراوانبوونی ململانێی غەززە بۆ جەنگێکی فراوانتری بەدوادا هات.
 
ئێران کوشتنی هەنییەی خستووەتە ئەستۆی ئیسرائیل. بەرپرسانی ئیسرائیل دانیان پێدا نەناوە، بەڵام رەتیشیان نەکردووەتەوە.