ئێران هەوڵدەدات کڕیار بۆ بەرهەمە سەربازییەکانی بدۆزێتەوە


رووداو دیجیتاڵ 

درۆنی موهاجیر 10 لە پێشانگەیەکی تایبەت بە مووشەک و درۆن نمایش کراوە و یەکێکە لە پێشکەوتووترین درۆنەکانی ئێران کە دەتوانێت 300 کیلۆ تەقەمەنی و مووشەک هەڵبگرێت، توانای چاودێریی و ئۆپەراسیۆنی هەیە، دەتوانێت 24 کاژێر بفڕێت و 2 هەزار کیلۆمەتر بڕوات. ئەمە بەو مانایەیە دەتوانێت بگاتە سنوورەکانی ئیسرائیل. 
 
ئەو مووشەک و درۆنانەی لە پێشانگەکەدا دانراون وادیارە بۆ راکێشانی کڕیارن، کە ئێران پێیوایە لە داهاتوویەکی نزیکدا دەتوانێت ئەو کارە بکات.
 
محەممەدڕەزا ئاشتیانی، وەزیری بەرگریی ئێران دەڵێت، "لە مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵەوە سنووداریی سەر بەرنامەی مووشەکیی ئێران هەڵدەگیرێت، سنووردارییەکان بەهۆی بڕیارنامەی 2231 رێککەوتننامەی ئەتۆمییەوە بوو. بەم پێیە کۆماری ئیسلامی ئێران کە بەهۆی گەمارۆی نادادپەروەرانەوە، لە بواری مووشەکدا سنووداریێتی بۆ دروستکرابوو، بەبێ سنووردارییە نێودەوڵەتییەکان، دەتوانێت لە بوارەکانی بەرگری و سەربازیدا لەگەڵ وڵاتانی سەربەخۆ و هاوتەریبدا هاوکاری بکات."
 
وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا دەیانەوێت گەمارۆی سەر بەرنامە مووشەکییەکانی ئێران درێژ بکەنەوە. وڵاتانی رۆژئاوا دەڵێن، ئێران بە فرۆشتنی درۆن بە رووسیا، بۆ بەکارهێنانی لە شەڕی ئۆکرانیادا، رێککەوتنی ئەتۆمی پێشێل کردووە. تۆمەتێک کە ئێران رەتیدەکاتەوە. 
 
لەگەڵ ئەوەشدا رۆژی چوارشەممە 23-08-2023 وەزیری بەرگریی رووسیا و کەیومەرس حەیدەری، فەرماندەی هێزی وشکانیی سوپای ئێران لە مۆسکۆ پێکەوە کۆبوونەوە و باسیان لەسەر پەرەپێدانی هاوکارییەکانیان کرد. کەیومەرس حەیدەری گوتوویەتی: پەیوەندییەکانی دوو وڵات لە بواری بەرگریدا، رۆژ لە دوای رۆژ قووڵتر دەبێتەوە.
 
لەم ساڵانەدا هەرچەندە بەپێی رێککەوتنی ئەتۆمی نەدەبوو بەرنامە سەربازییەکانی ئێران پەرەبستێنن، بەڵام ئێران پەرەی بە بەرنامە مووشەکی، درۆن و تەنانەت ئەتۆمییەکانیشی داوە، بابەتێک وڵاتانی رۆژئاوا وەک هۆکارێک بۆ ناسەقامگیریی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی دەزانن.
 
ئێران بوونی هێزە بیانییەکان بەهۆکاری نائەمنی دەزانێت و خوازیاری ئەوەیە ئەمریکا رۆژهەڵاتی نێوەڕاست جێبێڵێت.
 
وەزیری بەرگریی ئێران دەڵێت، "بێگومان بەرەنگاریان دەبینەوە، بوونی هیچ لایەنێک قبووڵ ناکەین"
 
هەوڵی ئێران بۆ هەناردەی درۆن و مووشەک هاوکات لەگەڵ هەوڵەکان بۆ دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئێران و سعودیەیە، وڵاتێک کە بە بەرنامەی مووشەکیی ئێران هەستیارە.
 
هاوکات ئێران قۆناخێکی نوێی ململانێشی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەستپێکردووە کە بووەتە هۆی ئەوەی ئەمریکا هەزاران سەربازی نوێ و ژمارەیەک پێشکەوتووترین فڕۆکە شەڕکەرەکانی رەوانەی ناوچەکە بکات.