ئەفسەرێکی پۆلیسی ئێران لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان کوژرا

24-08-2023
سینا سۆما
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

میدیای ئێران رایگەیاند، لە هێرشێکی چەکداریدا لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان، ئەفسەرێکی پۆلیسی ئێران بە پلەی مولازمی دووەم کوژرا و دوو پۆلیسیش بریندار بوون.
 
دۆستعەلی جەلیلیان، بەڕێوەبەری پۆلیسی سیستان و بەلووچستان ئەمڕۆ پێنجشەممە، 24-8-2023، رایگەیاند، "سەرنشینانی ئۆتۆمبێلێکی جۆری پیژۆ 405 لە کردەوەیەکی ترسنۆکانەدا هێرشێکی تیرۆریستیان کردە سەر دوو دەوریەی پۆلیس لە شاری سیب سۆران، لە ئەنجامدا 3 ئەفسەری پۆلیسی بریندار بوون."
 
دۆستعەلی جەلیلیان گوتی، بریندارانی هێرشەکەی ئەمڕۆ گوێزرانەوە نەخۆشخانەی قەزای سیب سوران، بەڵام یەک لە برینداران بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا. بە گوتەی جەلیلیان، دوو برینداری دیکە لە نەخۆشخانە خەوێندراون و چارەسەر وەردەگرن. ئاماژەی بە ناسنامەی پۆلیسە کوژراوەکەش کرد و گوتی، ناوی ئەفسەرەکە عەلی بیژەنییە، خەڵکی شاری ئەراکە لە ناوەراستی ئێران.
 
بەڕێوەبەری پۆلیسی سیستان و بەلووچستان هەروەها راشیگەیاند، چەکدارەکان دوای هێرشەکە توانیویانە هەڵبێن، بەڵام هێزەکانیان هەوڵەکانیان بۆ دۆزینەوەی چەکدارەکان و دەستگیرکردنیان دەستپێکردووە.
 
تاوەکو ئێستا دیار نییە هێرشەکە لەلایەن کێ کراوە و بەرپرسانی ئەمنیی ئێرانیش ئاماژەیان بە ناوی هیچ گرووپێک نەداوە.
 
رۆژی چوارشەممەش، سەربازێکی هێزی پاسەوانیی سنووریی ئێران لە هێرشێکی دیکەدا لەو پارێزگایە کوژرا بوو.
 
سەبارەت بە هێرشەکەی دوێنێ، رەزا شوجاعی، فەرماندەی هێزەکانی پاسەوانیی سنووریی پارێزگای سیستان و بەلووچستان رایگەیاند، ئەو سەربازە نیوەرۆی رۆژی چوارشەممە، 23ـی ئاب "لە ئەنجامی تەقەی تیرۆریستەکانەوە" لە سنووری جاوە کە دەکەوێتە سەر سنووری ئێران و پاکستان و بە "گولـلەی قەناس" کوژراوە.
 
میدیای ئێران هەروەها رایانگەیاندووە، رۆژی چوارشەممە هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە "تۆڕێکی تیرۆریستییان" لە شاری ئیرانشاری سەر بە پارێزگای سیستان و بەلووچستان هەڵوەشاندووە و سێ ئەندامی ئەو تۆڕەیان دەستگیر کردووە.
 
دۆستعەلی جەلیلیان، بەڕێوەبەری پۆلیسی سیستان و بەلووچستان لەبارەی رایگەیاند، ئەو کەسانە "ئەندامی گرووپی جەیش عەدل" بوونە کە گرووپێکی چەکداری بەلووچیی دژی حکومەتی ئێرانن. بە گوتەی ئەو "بەنیاز بوون چەندین هێرشی تیرۆریستی لە شاری ئیرانشار و شارەکانی دیکەی پارێزگای سیستان و بەلووچستان بکەن"، بەڵام بە وریایی هێزەکانیان لە ئۆپەراسیۆنێکدا دەستگیرکران.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە