بەهۆی قسەی پەرلەمانتارێکی کوردەوە لە پەرلەمانی ئێران گرژی دروستبوو

رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانتارێکی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان دوای رەخنەگرتن لە سەرۆکی پەرلەمان و ناوبردنی بە ستەمکار، لەلایەن ژمارەیەک پەرلەمانتارەوە هێرشی کرایە سەر و ناچار کرا داوای لێبووردن بکات.
 
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ (چوارشەممە)ـی پەرلەمانی ئێراندا، قەسیم عوسمانی، پەرلەمانتاری خەڵکی بۆکان لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، "پڕۆژەیاسایەکی بۆ هەڵگرتنی فیلتەر لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پێشکێشی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کردووە، بەڵام لەلایەن محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانەوە ڤیتۆ کراوە و سەرۆکایەتیی پەرلەمان ئامادە نییە بیخاتە بەرنامەی کارەوە."  
 
ئەو پەرلەمانتارە سەرۆکی پەرلەمانی ئێرانی بە ستەمکار ناوبرد و گوتی، نابێ وەک بنکەیەکی سەربازی لەگەڵ پەرلەماندا مامەڵە بکرێت.
 
دوای ئەو قسانە، عەلی نیکزاد، جێگری سەرۆکی پەرلەمان کە سەرۆکایەتی کۆبوونەوەکەی دەکرد، رەتیکردەوە پڕۆژەیاساکە ڤیتۆی لەسەر بێت و گوتی، زیاتر لە 30 پڕۆژەیاسا پێشکێشی سەرۆکایەتی پەرلەمان کراون و بە نۆرە تاوتوێ دەکرێن.
 
بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییەی بڵاوبووەتەوە، ژمارەیەک پەرلەمانتار هێرشیان کردە سەر قەسیم عوسمانی.
 
پەرلەمانتارە کوردەکە دوای ئەو گرژییەی روویدا، داوای لێبووردنی لە پەرلەمانتاران و هێزە سەربازییەکانی ئێران کرد و گوتی هەڵچوونەکەی بەهۆی ئەوەوە بووە وەڵامی داواکارییەکەی نادرێتەوە؛ گوتیشی، نایەوێ لە پەرلەمان هەڵبگەڕێتەوە و خۆی بە خۆڵی بەرپێی هێزە سەربازییەکان دەزانێت.