لە شنۆ پێنجەمین فیستیڤاڵی ساڵانەی گێلاس بەڕێوەدەچێت
رووداو دیجیتاڵ
یەکەمجارە کورسییەکانی فیستیڤاڵی گێلاسی شنۆ تەواو پڕ نابن. دوو ساڵ بوو بەهۆی کۆرۆنا ئەو فیستیڤاڵە بەڕێوەنەچوو، چاوەڕواندەکرا پێنجەمین خولی فیستیڤاڵەکە بە گەرموگوڕی زۆرەوە بەڕێوەبچێت، بەڵام وا دەرنەچوو.
خەلیل پووروەهابی، خاوەن باخی گێلاس دەڵێت: "بەداخەوە فیستیڤاڵی گێڵاسی ئەمساڵ لەگەڵ ساڵی رابردوو ئەرز و ئاسمان جیاوازی هەبوو، یەک لەبەر شوێنەکەی، چونکە ئەم شوێنە گونجاو نییە کە هەڵیانبژاردووە، هۆکارێکی دیکەش ئەوەیە کە خەڵک لەبەر ئەم تەپوتۆز و گەرمایە نەیتوانیوە بێت، ئەمەش وایکردووە بازاڕەکە خراپ بێت."
جگە لە جێگە و کەشوهەوا، بایکۆتکردنی فیستیڤاڵەکە لە لایەن چالاکڤانانی مەدەنی شنۆوە، هۆکارێکی دیکەی بێ برەوبوونی پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی گێلاس بوو. لە چوار خولی پێشوودا، چالاکڤانان و دامەزراوە حکومییەکان پێکەوە فیستیڤاڵەکەیان بەڕێوەدەبرد، بەڵام ئەمساڵ بەو شێوەیە نەبوو و، هەموو کاروبارەکانی لە لایەن دامودەزگا حکومییەکانەوە کرابوو، بۆیە چالاکڤانانی شنۆ بایکۆتیان کرد.
بەفرین عوسمانی، فرۆشیارە و باسی لەوە کرد: "فیستیڤاڵەکە گەورەیە، بەڵام بەداخەوە شوێنەکە گونجاو نییە، ئەو تەپۆتۆزەش ژینگەکەی تێکداوە، بەتایبەت ئێمە چاوەڕێ بوون شوێنێکی باشتر دەستنیشان بکرێت."
پێشبینیکراوە لە 498 هێکتار باخی گێلاسی شنۆ، ئەمساڵ چوار هەزار و 83 تۆن گێلاس بەرهەمبێت. ئامانجی فیستیڤاڵە ناساندنی زیاتری بەرهەمی گێلاسی شنۆ، ئاوڕدانەوە لە کێشەکانی خاوەن باخ و فرۆشیاران و بە بازاڕکردنی باشتری بەرهەمەکەیە، بەڵام بەشداربووانی فیستیڤاڵەکە دەڵێن، ئەمساڵ فیستیڤاڵی گێلاس ئامانجی نەپێکاوە.
ئەکبەر محەممەدی، خاوەن باخی گێلاس گوتی: "پێمخۆشە شتەکەی بڵاوبکەنەوە و بیکەنە ئینتەرنێتی، ساڵێکی دیکەش دابنرێتەوە و، گەورەتر، جوانتر و رێکوپێکتریش بکرێت."
فیستیڤاڵی گێلاسی شنۆ تەنیا بۆنەیەک نییە بۆ گرنگیدان بەو میوە بەهارییە، بە جۆرێک رێوڕەسمێکی کولتووری و هونەریشە. هەوڵدەدرێت لەو رێگەیەوە سەرنجی بەشداربووان بۆ دابونەریت، کولتوور، ژینگە و توانا گەشتیارییەکانی ئەو شارە رابکێشرێت.