ئەمنستی هۆشداری دەدات: 15 بەندکراو لە ئێران مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەرە

 
رووداو دیجیتاڵ

رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی (ئەمنستی) لەبارەی ئەگەری لەسێدارەدانی 15 بەندکراوی خۆپێشاندانەکانی ساڵی 2022 لە گرتووخانەکانی ئێران، هۆشداری دەدات و داوای هەڵوەشاندنی سزاکانیان دەکات.
 
لە نامەیەکدا کە ئاراستەی غولامحوسێن موحسینی ئیژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران کردووە؛ رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی دەڵێت، "لانیکەم 15 بەندکراو کە لە خۆپێشاندانەکانی ساڵی 2022دا دەستبەسەر کراون و دواتر بە لەسێدارەدان سزادراون، مەترسیی ئەوە هەیە کە لەسێدارە بدرێن."
 
ئەمنستی رایگەیاند، ئەو کەسانە بە شێوەیەکی "دادپەروەرانە دادگەیی نەکراون" و بەشێکی زۆریان "ئەشکەنجە" دراون یان هەڵسوکەوتی خراپیان لەگەڵدا کراوە، وەکو "لێدان و تووندوتیژیی سێکسی."
 
ئاماژە بە ناوی هەشت لە بەندکراوان دەکات و دەڵێت، "مەترسیی ئەوە هەیە ئەو کەسانە لەناکاو لەسێدارە بدرێن."
 
بەندکراوەکان بریتین لە هەریەکە لە فازڵ بەهرامیان، مەحموود میهرابی، مامۆستا محەممەد خزرنەژاد، مەنوچێهر مێهمان نەواز، مێهران بەهرامیان، موجاهید کورکوری، غولامڕەزا رەسایی و تۆماج ساڵحی.
 
رێکخراوەکە باس لەوەش دەکات، ئەو بەندکراوانە بە "موحارەبە (دژایەتیکردنی خوا)، گەندەڵی لەسەر زەوی و چەک هەڵگرتن دژی حکومەت تاوانبار کراون و سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە."
 
رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی ئاماژە بەوە دەکات، لە کاتێکدا جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لە ئێران زیادی کردووە، نیگەرانییەکان لەبارەی لەسێدارەدانی ئەو بەندکراوانەش زیادی کردووە.
 
ئەمنستی داوا لە دەسەڵاتی دادی ئێران دەکات، هەموو ئەو سزایانە هەڵبوەشێنێتەوە کە بەسەر بەندکراوانی خۆپێشاندانەکانی ساڵی 2022ی ئەو وڵاتەدا سەپێندراون.
 
ساڵی 2022 لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، دوای مردنی گوماناویی ژینا ئەمینی، کچە کوردی خەڵکی سەقز خۆپێشاندانی بەرفراوان بەڕێوەچوون و چەندین مانگیان خایاند.
 
لە کاتی خۆپێشاندانەکان و دواتریش، بە هەزاران کەس بەهۆی بەشداریکردن لە خۆپێشاندانەکاندا، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کران، بەشێکیان لەلایەن دادگەوە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچوو و تائێستا نۆ کەسیان لەسێدارە دراون.