ئێران دروستکردنی بنکەیەکی دیکەی ئەتۆمی لە نەتەنزی ئیسفەهان رەتدەکاتەوە

24-05-2023
فواد حەقیقی
.
.
نیشانەکردن ئێران پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئێران، دروستکردنی بنکەیەکی ئەتۆمی دیکە لە پارێزگای ئیسفەهان رەتدەکاتەوە و ئیسرائیل بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست لەو بارەوە تۆمەتبار دەکات، رەتکردنەوەکە لە کاتێکدایە، بەپێی وێنەکانی سەتەلایت و زانیارییە هەواڵگرییە دزەپێکراوەکان، ئێران لە نەتەنز وێستگەیەکی ئەتۆمی بە قوڵایی 100 مەتر لە ژێر زەوی دروستکردووە کە زۆر قوڵترە لە وێستگەکانی دیکەی. 
 
دامەزراوەی پلانێت لابس، وێنەی بڵاوکردووەتەوە کە بەپێی وێنەکان، ئێران لە نەتەنز وێستگەیەکی نوێی ئەتۆمی ژێرزەمینی گەورە دروستدەکات. دامەزراوەکە دەڵێ، ئێران توونێلێکی 100 مەتر لە ژێر رووی زەوی لە شاخەکەدا لێداوە، واتە قووڵترە لە نوێترین چەکی ئەمریکا کە بۆ لێدان لەم جۆرە  ئامانجانە دروستی کردووە. 
 
ستیڤن دی لا فۆینتێ، ئەندامی سەنتەری جەیمس مارتن لە بواری چەکی ئەتۆمی لەمبارەیەوە دەڵێ "بەدڵنیاییەوە ئەوان دوو ساڵ یان سێ ساڵە خەریکن دامەزراوەیەکی ژێرزەمینی دروست بکەن. ئەو شوێنە زۆر قووڵترە لە ناوەندە ئەتۆمییەکانی دیکە کە ئێمە زانیاریمان لەبارەیانەوە هەیە، لەوانە فۆردۆ و پارچین".
 
نەتەنز لە شاخەکانی ئیسفەهاندا هەڵکەوتووە. لە ساڵی 2006ـەوە تاوەکو 2021 پێنج جار کراوەتە ئامانج. وا دیارە ئامانجی ئێران رێگریکردنە لە دووبارەبوونەوەی ئەم هێرشانە، بەڵام راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل پێی وایە ئەمەش گەرەنتی نادات.
 
زەخی هەنگبی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل دەڵێ "بێگومان ئەمە کاریگەریی توانای هێرش بۆ سەر بنکەکە کەمتر دەکاتەوە. ئەوەی لەمبارەیەوە دەبێت بڵێم ئەوەیە؛ هیچ شوێنێک نییە نەتوانرێت بکرێتە ئامانج".
 
وڵاتانی رۆژئاوا بە رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015، ویستیان چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران سنووردار بکەن، بەڵام ئەمریکا ساڵی 2018 لێی کشایەوە و ئێرانیش وەکو کاردانەوەیەک پەرەی بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی دایەوە. 
 
هێرزی هالڤێی، سەرۆکی ناوەندی هێزی بەرگریی ئیسرائیل دەڵێ "ئێران لەم ساڵانەی دواییدا بۆ پیتاندنی یورانیۆم زۆر زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە پێشکەوتووە. گۆڕانکاری نێگەتیڤ لەڕێدان و ئەمەش دەکرێت پەرچەکرداری ئێمەی لێبکەوێتەوە".
 
سەرۆکی رێکخراوی ئەتۆمیی ئێران ئەمڕۆ دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، کاردانەوەی بەرامبەر هەڵوێستی بەرپرسانی ئیسرائیل نیشان دا.
 
محەممەد ئیسلامی، سەرۆکی رێکخراوی ئەتۆمی ئێران دەڵێ "ساڵانێکە بەرپرسانی زایۆنی ئەم هەڵیت و پڵیتانە دەڵێن. چالاکییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەپێی رێوشوێنەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتین. ئێران هەر چالاکییەک بیەوێت بیکات، لەگەڵ ئاژانس هاوئاهەنگی دەکات".
 
لە ساڵانی رابردوودا بنکە ئەتۆمی و سەربازییەکانی ئێران کراونەتە ئامانج و لەلایەن ئێرانیشەوە ئیسرائیل تۆمەتبارە.

 

درکاندنی زانیاری لەسەر چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران، گرفتی بۆ تاران دروست کردووە. ئەمریکا و ئیسرائیل دەڵێن، رێگە نادەن ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات، تەنانەت ئەگەر بنکەکانی لە بن ئەم شاخە بەرزانەشدا بن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە