سەرۆککۆماری ئێران بودجەیەکی تایبەت بۆ پارێزگای ورمێ تەرخاندەکات


رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسانی حکومەتی ئێران لە جێبەجێکردنی پرۆژەکاندا زوو بەردی بناخەی بۆ دادەنێن، بەڵام بە زوویی تەواوی ناکەن، تەنیا لە پارێزگای ورمێ، بەگوتەی پارێزگاری شارەکە، چەندین هەزار پرۆژەی نیوەچڵ هەن.
 
محەممەد سادق موعتەمدیان دەڵێت، سەرۆککۆماری ئێران لە سەردانی رۆژی هەینیدا بۆ ئەو پارێزگایە بەڵێنی پێداون کە لە سێ ساڵی داهاتوودا و پێش کۆتاییهاتنی ماوەی کارکردنی کابینەکەی، هەموو پرۆژەکان تەواو بکەن، لە قۆناخی یەکەمدا بڕیاری جێبەجێکردنی 157 پرۆژەی گەورە دراوە، پارێزگاری ورمێ دەشڵێت، "لەو سەردانەدا ئیبراهیم رەئیسی 50 تریلیۆن تمەن، یەک ملیار و 700 ملیۆن دۆلاری کردووەتە دیاری بۆ ئەو پارێزگایە."
 
لەو بودجەیە، 20 تریلیۆن تمەنی بۆ پەرەپێدانی ژێرخانەکان و 30 تریلیۆن تمەنیش بۆ هاوکاریکردن و پێدانی قەرزی بانکی دەبێت بە وەبەرهێنەران. لە 20 تریلیۆن تمەنەکە کە بۆ پەرەپێدانی ژێرخانەکان تەرخانکراوە، حەوت تریلیۆن تمەن بۆ کەرتی رێگەوبان، 3.3 تریلیۆن تمەن بۆ کەرتی کشتوکاڵ، 2.5 تریلیۆن تمەن بۆ پرۆژەکانی بواری وزە، 2.3 تریلیۆن تمەن بۆ کەرتی پەروەردە و 1.1 تریلیۆن تمەن بۆ کەرتی تەندروستی تەرخاندەکرێت.
 
ئەو بودجەیە بۆ تەواوکردنی پرۆژەکانی گواستنەوەی ئاو بۆ دەریاچەی ورمێ، هێڵی ئاسن، ئاودێریکردنی زەوییە کشتوکاڵییەکان، پاڵاوتنی ئاو، رێگەی نێوان شار و گوندەکان و نەخۆشخانە و قوتابخانەکان تەرخانکراوە. سەرۆککۆماری ئێران لە ورمێ هەروەها بەڵێنیداوە، لە داهاتوویەکی نزیکدا، کێشەی کۆڵبەریش چارەسەر بکات.
 
ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران گوتی، "بازاڕچە سنوورییەکان دەبێت چالاک بکرێن، بە جۆرێک کە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە سنوورەکانمان هەمیشەیی بێت. لەو چوارچێوەدا بە دڵنیاییەوە کاری کۆڵبەریش رێکدەخرێتەوە. بە هیچ شێوەیەک ناتوانین ئەوە قبوڵ بکەین، تاو نا تاوێک ئازیزێک کە دەیەوێت داهاتێک بۆ خێزانەکەی بەدەست بهێنێت، لە کوێستانەکان تووشی رووداو بێت. بەڕاستی ناتوانین لە بەرامبەر ئەوەدا دانبەخۆدا بگرین و دەبێت رێڕەوێکی یاسایی بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی بکەینەوە."
 
بەشێک لە پرۆژە نیوەچڵەکانی پارێزگای ورمێ، 20 ساڵە بەردی بناخەیان بۆ دانراوە، ساڵانە چەندینجار بەرپرسانی حکومەت، بەڵێنی تەواوکردنیان بە خەڵک دەدەن، ئەگەر ئەو بودجەیەی سەرۆککۆماری ئێران بڕیاریداوە بدرێتە پارێزگای ورمێ، هەر لە قۆناخی بڕیاردا نەمێنێتەوە، لەوانەیە بتوانێت بەشێکیان تەواو بکات.