رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ رایگەیاند، دەسەڵاتی ئێران هەڵاواردنێکی بەرفراوان دژی کورد، بەلوچ، عەرەب، تورک و تورکمانەکانی نێو ئەو وڵاتە بەڕێوە دەبات و دەستڕاگەیشتنیان بە پەروەردە، کارکردن، شوێنی نیشتەجێبوونی گونجاو و بەرپرسیارێتیی سیاسی و ئیداری "سنووردار دەکات".
لێبووردنی نێودەوڵەتی لە راپۆرتی ساڵانەیدا لەبارەی دۆخی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقیا دەڵێت، سەرەڕای خواستی زۆر لەسەر فرەزمانی لە سیستمی پەروەردەدا، هێشتاش فارسی تەنیا زمانی پەروەردەییە لە ئێراندا.
ئەمنستی ئاماژەی بە کوشتن و بریندارکردنی کۆڵبەرانی کورد داوە و نووسیویەتی: "هێزە ئەمنییەکان بە نایاسایی تەقە لە کۆڵبەران دەکەن و پارێزبەندی یاساییان هەیە و لەسەر ئەو کارە سزا نادرێن."
ئەمنستی باسی پێشێلکردنی مافی ئایینی پێڕەوانی ئایین و مەزهەبە جیاوازەکان لە ئێراندا دەکات و دەڵێت: "موسڵمانی سوننە، یارسانەکان، بەهایی، جوو، مەسیحی و دەروێشانی گونابادی بەهۆی ئایینەکەیان لە خوێندن، کارکردن، بەرپرسیارێتی و شوێنی کاروباری ئایینییان بەرەوڕووی هەڵاواردن دەبنەوە."
لێبووردنی نێودەوڵەتی دەڵێت، "پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران" دوای بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی "زیاتر بووە" و بە هەزاران کەس، لەنێویاندا منداڵان، تەنیا بەهۆی بەکارهێنانی ئاشتییانەی مافی مرۆڤانەی خۆیان: "تووشی لێپرسینەوە، بێڕێزی، دەستبەسەرکردنی نایاسایی، هەڵپەساردن و دەرکردن لەسەر کارەکەیان بوونەتەوە".
ئەو رێکخراوە نێودەوڵەتییە دەڵێت، دەستبەسەرکراوان "ئەشکەنجە و ئازار دەدرێن" و هەندێکیان دەبردرێنە ژێر پەتی سێدارەدان بۆ ئەوەی بترسێن و ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ بکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ