پۆلیسی ئێران: شەش تۆڕی بەقاچاخبردن و بازرگانیکردن بە ژنان هەڵوەشێندرانەوە

رووداو دیجیتاڵ

پۆلیسی ئێران رایگەیاند، چەند تۆڕێکی بەقاچاخبردن و بازرگانیکردن بە کچان و ژنانیان هەڵوەشاندەوە، پەیوەست بەو دۆسیەیەش 96 کەس لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.
 
ئەمڕۆ (چوارشەممە، 24ـی نیسانی 2024) سەعید مونتەزەر ئەلمەهدی، گوتەبێژی پۆلیسی ئێران رایگەیاند، شەش تۆڕ و گرووپ هەڵوەشێندرانەوە کە بەشێوەیەکی رێکخراو بازرگانییان بە ژنان و کچانی ئێرانی دەکرد.
 
سەعید مونتەزەر ئەلمەهدی گوتی، گرووپی سێرڤس ئێسکورت، کینگ، چاتر بێیت، رافائێل، لێڤڵ ئاپ دێنس و سایە (سێبەر)، ئەو گرووپانەن کە لە لایەن هێزەکانی پۆلیسەوە هەڵوەشێندراون و سەرکردە و ئەندامەکانیان دەستبەسەرکراون.
 
بە گوتەی مونتەزەر ئەلمەهدی، ئەو گرووپانە پەیوەندییان لەگەڵ دەرەوەی وڵات هەبووە و بە شێوەیەکی رێکخراو لە نێوخۆی ئێران ژنان و کچانی ئێرانییان بۆ لەشفرۆشی و بەرهەمهێنانی فیلمی سێکسی بەقاچاخ دەبردە وڵاتانی ناوچەکە و ئەورووپا.
 
ئاماژە بە وەش دەکات، پەیوەست بەو دۆسیەیە 96 کەس لە سەرکردە و ئەندامەکانی ئەو گرووپە، فۆتۆگرافەر و کامێرامان و مۆدێلی ژن لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.