باخچەی ئاژەڵانی ورمێ گەورەترینی رۆژهەڵاتی کوردستانە و سەردانکردنی کەم بووەتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرگەرمییەکی رۆژانەی مەیموونەکانی نێو باخچەی ئاژەڵانی ورمێ وەرگرتنی خواردنە لە سەردانکەران. باخچەکە سەردانکەری زۆر نین، بۆیە ئەوانەی سەردانی دەکەن بە دڵی خۆیان دەتوانن لە ئاژەڵە کێوییەکان نزیک ببنەوە، لەو دیوی قەفەس بوەستن و خواردنیان پێ بدەن.
 
یونس عەلی ‌ئەکبەرزادە، بەڕێوەبەری باخچەی ئاژەڵانی ورمێ دەڵێت، "بەپێی شوێنەکە و هەروەها ئەو ئیمکانیاتەی لە بەردەستمە، پێشنیازم بە رێکخراوی پاراستنی ژینگە کردووە، ئامادەم پێشوازی لە هەر جۆرە ئاژەڵێک بکەم کە بتوانن پێشکێشی ئەم باخچەی ئاژەڵانەی بکەن. بە شانازییەوە پێشوازیی لێدەکەم بۆئەوەی لەنێویان نەبەن، چونکە لە داهاتوودا پێویستمان پێیان دەبێت."
 
باخچەی ئاژەڵانی ورمێ گەورەترین باخچەی ئاژەڵانی رۆژهەڵاتی کوردستان و تاکە باخچەی ئاژەڵانی پارێزگای ورمێیە. لە نزیک دەریاچەی ورمێ هەڵکەوتووە و دەریاچەیەکی سێ هێکتاریی تێدایە. ساڵانی رابردوو سەردانکەری زیاتر بوون، بەڵام ئێستا بەهۆی کەمیی خزمەتگوزارییەکان تێیدا، سەردانکردنی زۆر کەم بووەتەوە.
 
عەلیڕەزا شادکام، دانیشتووی ورمێ ئاماژە بەوە دەکات، "بەداخەوە ئیمکانیات و خزمەتگوزارییەکانی ئێرە لەو ئاستەدا نییە کە خەڵک چاوەڕوانن. چاوەڕوانن ژمارە و جۆری ئاژەڵەکانی زیاتر بێت و خزمەتگوزاریی زیاتری تێدا بێت، بەڵام بەداخەوە لەلایەن حکومەت و بەرپرسان و بەڕێوەبەرانی خودی باخچەکەشەوە، بەو جۆرەی پێویستە پێی راناگەن. ئەوەی ئێمە بینیمان ئەوەیە کە بەداخەوە، ئاژەڵەکان تەنانەت خواردنی پێویستیان پێ نادرێت و خەریکە لە برسا دەمرن."
 
رووبەری باخچەی ئاژەڵانی ورمێ 350 هەزار مەتری چوارگۆشە یان 35 هێکتارە. 80 جۆر ئاژەڵی کێویی تێدا راگیراوە، بەڵام تێیدا بەپێی پێویست، خزمەتی ئاژەڵەکان ناکرێت و سەردانکەرانیش لە ئاستی ئەو خزمەتگوزارییانە رازی نین بۆیان دابین کراوە.