کۆرپەیەکی کورد لە نەخۆشخانەیەکی تاران 'بە هەڵەی پزیشکی' گیانی لەدەستدا

 
رووداو دیجیتاڵ

کۆرپەلەیەکی کورد نزیکەی 10 کاژێر لە ساردخانەی نەخۆشخانەیەکی تاراندا بوو، کەچی زیندوو بوو. بەڕێوەبەری تەندروستیی شەهریار دەڵێت، منداڵەکە نیشانەی ژیانی تێدا نەبووە و براوەتە ساردخانە؛ بەڵام باوکی منداڵەکە دەڵێت، کاتێک چووەتە ساردخانەکە، منداڵەکەی هێشتا هەناسەی دەدا.
 
محەممەد هادی ناسێح، بەڕێوەبەری تەندروستیی شەهریار دەڵێت، "کاژێر 04:30ی بەیانی بەهۆی ئەوەی کیسەی ئاوی دڕابوو، [ئەو ژنە] دیسانەوە سەردانی نەخۆشخانەی ئیمام سەجادی کردەوە، واتە کاژێر 05:00ی بەیانیی رۆژی هەینی. لەوێ پشکنینی بۆ دەکەن و چونکە دەنگی دڵی کۆرپەلەکە نابیستن، دەیگوازنەوە بەشی لەدایکبوون و منداڵەکەی دەبێت، چونکە منداڵەکە نیشانەی ژیانی تێدا نەبووە و کاژێر 07:00ی بەیانی دەگوازرێتەوە بۆ ساردخانەی مەیتەکان."
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانە کۆرپەلەکە شەش مانگان بووە، ئەمەش لەگەڵ گوتەی باوکی کۆرپەلەکە ناکۆکە.
 
رەزا خودایاری، باوکی منداڵەکە دەڵێت، "هاوژینەکەم نزیکەی حەوت بۆ هەشت مانگ بوو دووگیان بوو، کاتی لەدایکبوونی منداڵەکەی نزیک بوو، بۆ دڵنیابوون لە تەندروستیی خۆی و کۆرپەلەکەی سەردانی نەخۆشخانەی کەماڵیی کەرەج دەکات، دکتۆری پسپۆڕ پشکنینیان بۆ دەکات و سۆنۆگرافی دەکەن، کە خۆی و کۆرپەلەکەش تەندروست بوون، کێشەیان نەبووە، بەڕێیان دەکەنەوە بۆ ماڵەوە، بەڵام کاژێر 04:00ی بەیانی دۆخی تەندروستیی هاوژینەکەم تێکدەچێت و دەبرێتە نەخۆشخانەی ئیمام سەجاد، لەوێ خێرا بۆ لەدایکبوونی منداڵەکەی ئامادەی دەکەن، کاتێک کۆرپەلەکە لە دایک دەبێت، دەیهێنن نیشانی دەدەن و دەڵێن، کۆرپەلەکەت گیانی لەدەستداوە، ئەمە سێ رۆژە مردووە."
 
بەرپرسانی نەخۆشخانە دوای ئەوە تەلەفۆن بۆ باوکی کۆرپەلەکە دەکەن، ئەویش لە شاری کویەشت لە پارێزگای لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە خۆی دەگەیێنێتە ئەو نەخۆشخانەیە، کاژێر 12:00 دەگاتە ئەوێ، بەڵام بەرپرسانی نەخۆشخانە پێی دەڵێن تاوەکو کاژێر 03:00 ناتوانیت هاوژینەکەت ببینیت.
 
باوکی منداڵەکە ئاماژەی بەوەش کرد، "کاژێر 03:30 گوتم دەبێت منداڵەکەم لە ساردخانەدا ببینم، دەبێت ناوی لەسەر دانێم، چونکە نەریتێکمان هەیە کە دەبێت ناوی منداڵەکە بە گوێیدا بڵێیەوە، هاتم ناوەکەی بە گوێدا بڵێم، کۆرپەکەیان لەنێو کارتۆنێک دانابوو، کاتێک کارتۆنەکەم کردەوە دیتم منداڵەکە هەناسە دەکێشێت، کە ئەمەم دیت، بە چەند کەس لە فەرمانبەرانی نەخۆشخانەکەم گوت، بەڵام هیچیان قبووڵیان نەکرد."
 
بەڕێوەبەری تەندروستیی شەهریار باس لەوە دەکات، "باوکی کۆرپەکە لەگەڵ پۆلیسی نەخۆشخانە دەچنە ساردخانە، لەوێ هەست دەکەن قاچی منداڵەکە دەجووڵێت، لایەنی نەخۆشخانە ئاگادار دەکەن و دەستبەجێ منداڵەکە بۆ ئای سی یو دەگوازرێتەوە و هەوڵ بۆ چارەسەری دەدرێت."
 
بەڵام باوکی کۆرپەکە دەڵێت، فەرمانبەرانی نەخۆشخانەکە پێیان وابوو تووشی وەهم بووە و بڕوایان بە قسەکانی نەکردووە، بۆیە پەنای بۆ پۆلیسی نەخۆشخانەکە بردووە.
 
رەزا خودایاری دەڵێت، "ئەو پلەدارە بەڕێزە هاوکاریمانی کرد، ئێستاش خۆی هەیە و ئاگادارە و بە چاوی خۆی بینی کە منداڵەکە هەناسە دەکێشێت و خۆی چوو پەرستارەکەی هێنایە خوارەوە و منداڵەکەیان برد بۆ بەشی ئای سی یوو."
 
لەبەر ئەم رووداوە، بەرپرسی نەخۆشخانەکە لەسەر کار لادرا. وەزارەتی تەندروستیی ئێران دەڵێت، دۆسیەی ئەو منداڵە رەوانەی پزیشکی دادوەری کراوە بۆئەوەی هۆکاری گیان لەدەستدانی روون ببێتەوە.