پاسەوانی سنووری ئێران: لە داهاتوویەکی نزیکدا رێڕەوە سنوورییەکان بۆ کۆڵبەران دەکرێنەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
فەرماندەی پاسەوانی سنووری ئێران دەڵێت: پرۆژەیەکیان بۆ کردنەوەی دەروازە و رێڕەوە سنوورییەکان داوەتە حکومەت و لە چەند مانگی داهاتوودا رێڕەوە سنوورییەکان دەکرێنەوە.
 
ئەحمەد عەلی گودەرزی، فەرماندەی هێزی پاراستنی سنووری ئێران، کە سەردانی پارێزگای ورمێی کردبوو، رایگەیاند: بە مەبەستی پشتگیریکردن لە دانیشتووانی ناوچە سنوورییەکان، زیاتربوونی داهاتیان و رێگری لە قاچاخ، لە داهاتوویەکی نزیکدا رێرەوە سنوورییەکان دەکرێنەوە.
 
بەگوتەی ئەحمەد عەلی گودەرزی، بۆ رێڕەوە سنوورییەکان پڕۆژەیەکیان ئامادە کردووە و ئێستا جێگری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری سنوور و قاچاخ تاوتوێی دەکات و لە چەند مانگی داهاتوودا پڕۆژەکە جێبەجێ دەکرێت.
 
ساڵانی پێشتر تەنیا دانیشتووانی ناوچە سنوورییەکان لە سنوورەکاندا بە کرێ کۆڵیان دەگواستەوە، بەڵام لەم چەند ساڵەی دواییدا بەهۆی خراپتربوونی دۆخی ئابوورییەوە، خەڵکی شارەکانی دیکەش بۆ دابینکردنی داهات روو لە ناوچە سنوورییەکان دەکەن.
 
بەپێی ئامارە نافەرمییەکان نزیکەی 80 هەزار خێزان لە ناوچە سنوورییەکان بژیوی ژیانیان لەسەر کۆڵبەرییە.
 
پێشتر خەڵک لە بازاڕچە سنوورییەکانەوە کۆڵیان دەگواستەوە، بەڵام حکومەتی ئێران لە ساڵی 2017ەوە بازاڕچە سنوورییەکانی داخستووە و کۆڵبەریشی قەدەخە کردووە.