زیاتر لە 10 هەزار تووشبووی نەخۆشیی تایبەت لە ئێران کێشەی دەرمانیان هەیە

25-03-2024
کێشەی دەستکەوتنی دەرمانی نەخۆشییە تایبەتەکان لە ئێران
کێشەی دەستکەوتنی دەرمانی نەخۆشییە تایبەتەکان لە ئێران
نیشانەکردن ئێران
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

جۆرێک نەخۆشیی پێست کە لە ئێران هەزار و 200 تووشبووی منداڵ، مێرمنداڵ و گەورەی هەیە، بەهۆی دەستنەکەوتنی دەرمان و برینپێچی تایبەت لە دەرمانخانەکان، خێزانەکانی تووشی کێشە کردووە.
 
نەخۆشییەکە ناوی "ئێپیدەرمۆلیسیس بولۆسا" یان EBـە کە لە ئێران بە نەخۆشیی پەروانەیی دەناسرێت.
 
دایکی تووشبووی EB لە تاران دەڵێ "باندج، دەرمان و برینپێچی تایبەت بۆ تووشبووانی EB لە دەرمانخانە حکومییەکاندا دەستناکەون. زۆرجار دەبێت لە دەرمانخانە تایبەتەکان یان تەنانەت لە بازاڕی ئازاددا بیانکڕین. تێچووەکەشی زۆرە و کاریگەرییەکی گەورە لەسەر ئەو خێزانانە دادەنێت کە تووشبووی EBـیان هەیە."
 
هەروەها دەڵێ "پێویستە لە کاتی خۆیدا دەرمانیان بۆ ئامادە بکەین و برینپێچی تایبەتیان بۆ بگۆڕین، ئەگەر لە کاتی خۆیدا ئەو دەرمانانە دەستنەخەین، نەخۆشییەکەیان تەشەنە دەستێنێت و دەبێتە هۆی هەوکردنیان و کێشەی زیاتر دروستدەکات".
 
بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی ئێران لە پێنج ساڵی رابردوودا، زیاتر لە 10 هەزار تووشبووی نەخۆشییە تایبەتەکان لە ئێران، کێشەی دابینکردنی دەرمانیان هەبووە و، 670 تووشبووی ئەو نەخۆشییانە لەو ماوەدا گیانیان لەدەستداوە. هۆکاری دەستنەکەوتنی دەرمانی تایبەت بە تووشبووانی ئەو نەخۆشییانەش دەگەڕێنێتەوە بۆ گەمارۆکانی ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپی.
 
ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێ "لە ئەنجامی ئەو سزا دڕندانەی لەلایەن حکومەتی ئەمریکاوە بەسەرماندا سەپێنراوە، کۆمپانیایەکی گەورەی دەرمانسازی کە برینپێچی تایبەتی بۆ تووشبووانی EB بەرهەم دەهێنا، بە ناچاری هەناردەکردنی ئەو برینپێچانەیان بۆ ئێران وەستاند."
 
لە کاتێکدا ئەمریکا تاوەکو ئێستا لە چەندین قۆناخدا بە فەرمی رایگەیاندووە؛ گەمارۆکانی سەر ئێران کەرتی دەرمان و تەندروستی ناگرێتەوە و لە سەردەمی کۆرۆناشدا بە کردەوە ئەو بڕیارەی سەلماندووە، بەڵام کێشەکە دەگەڕێتەوە بۆ کەناڵەکانی گواستنەوەی پارە و کۆمپانیاکانی فرۆشتن و هەناردە و هاوردەی دەرمان، کە ناوێرن خۆیان لە مامەڵە لەگەڵ ئێران بدەن.
 
سەعید لەیلاز، پسۆڕی ئابووری باسی ئەوە دەکات "کاتێک باسی ئەو نەخۆشانە دەکەین کە پێویستییان بە دەرمانی تایبەت یان کەرەستەی پزیشکی هەیە، بابەتەکە جیاواز دەبێت. یان کەناڵەکانی گواستنەوەی پارە داخراون، یان ئەو کۆمپانیایانە کە رێگەی ئاڵوگۆڕی پارەیان پێدراوە، دەترسن ئەو دەرمانانەمان پێبفرۆشن و بۆمان هەناردە بکەن."
 
دەستنەکەوتنی دەرمانی تووشبووانی نەخۆشیی EB یان پەروانەیی لە ئێران، وایکردووە خێزانەکان بەشێوەی ئۆنلاین دەرمانی پێویست بە منداڵەکانیان بکڕن و ساڵانە زیاتر لە یەک ملیار تمەن، تێچووی پۆستەکردنی ئەو دەرمانانە بدەن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە