پۆلیسی ئێران: رێوشوێنی تووندتر بەرامبەر بە کۆڵبەران دەگرینەبەر
رووداو دیجیتاڵ
چارەسەرکردنی کێشەی کۆڵبەران لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ساڵانێکە بە بیانووی جیاوازەوە لەلایەن بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دێتە بەرباس، بەڵام هەنگاوێکی جدیی بۆ نانرێت جگە لە تەقەکردن لەو گەنجانەی کە بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانیان روو لە شاخەکان دەکەن. ئەمساڵیش هەر لە ئێستاوە لە لایەن پۆلیسی ئێرانەوە بڕیاری بەرەنگاربوونەوەی زیاتری کۆڵبەران درا.
قاسم رەزایی، جێگری فەرماندەی پۆلیسی ئێران لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ میدیاکارانی پارێزگای سنە رایگەیاند، "هەندێک لە کۆڵبەران شەوانە بە بەزاندنی سنوورەکان، خەریکی گواستنەوەی چەک و تەقەمەنین. ئەمساڵ رێکاری تووندتر بۆ بەرەنگاربوونەوەی قاچاخی چەک و تەقەمەنی و کەلوپەلی قەدەخە و حەرام لە پارێزگاکانی رۆژئاوای ئێران، بە تایبەت پارێزگای سنە دەگرینەبەر."
ئەو قسانەی فەرماندەی پۆلیسی ئێران لە کاتێکدایە کە ساڵی رابردوو یەک لەو ساڵانە بووە کە لەسەر سنوورەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بە تایبەت لە پارێزگاکانی سنە، ورمێ و ئیلام، زۆرترین تەقە لە کۆڵبەران کراوە و هەم رێژەی گیانلەدەستدان و هەمیش برینداربوون بەراود بە ساڵانی پێشووتر زیاتر بووە.
بەپێی ئاماری ماڵپەڕی کۆڵبەر نیوز کە تایبەتە بە هەواڵی کۆڵبەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا 555 کۆڵبەر بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان و رووداوی کەوتنەخوارەوە گیانیان لەدەستداوە و هەزار و 82 کۆڵبەریش برینداربوون. بەپێی ئەو ئامارە، ژمارەی ئەو کۆڵبەرانەی کە ساڵی رابردوو، رووداوی کەوتنەخوارەوە و تەقەلێکرانیان بەسەردا هاتووە، 225 کەس بووە کە لەو ژمارە 49 کۆڵبەریان گیانیان لەدەستداوە و 176 کۆڵبەریش بریندار بوون.
یەک لە کێشە سەرەکییەکانی کۆڵبەران کە روو لەو رێگە دژوارانە دەکەن، نەبوونی هەلیکار لەنێو شارەکانی خۆیانە. ئامارە فەرمییەکانی حکومەت باس لە زۆرترین رێژەی هەژاری و بێکاری دەکات لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بە تایبەت ئەو پارێزگایانەی کۆڵبەری تێدا دەکرێت.
د. محەممەد ساڵح نیکبەخت، پارێزەرە و دەڵێت، "پارێزگای ئیلام، 23.7٪، کرماشان 24.8٪، ورمێ 34٪ و سنەش 36.7٪ لەڕووی پێوەری هێڵی هەژارییەوە. رێژەی بێدەرەتانی لە پارێزگای سنە 51.6٪ـە کە لە دوای سیستان و بەلووچستان لەڕیزی خراپترین پارێزگاکانی ئێراندا دووەمە. لە 30 ساڵی رابردوودا هیچ گۆڕانکارییەک لە سیستەمی بەرهەمهێنانی ئەو پارێزگایانەدا رووینەداوە و گەشەی پیشەسازی لە دوو پارێزگای ئیلام و سنە، هێشتا نەگەیشتووەتە ئاستی پێکهێنانی سەرەتاییترین قۆناخیش".
بەپێی ئەو ئامارانەی کە میدیا فەرمییەکانی حکومەت بڵاویان دەکەنەوە، ژمارەی کۆڵبەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان 80 بۆ 170 هەزار کەسە، بەڵام ئامارە نافەرمییەکان باس لە بوونی ژمارەیەکی زیاتری گەنج لە شاخەکان دەکەن کە بە کۆڵبەری بژێوی ژیانیان پەیدا دەکەن و داهاتی هێنانەوەی هەر بارێکیان تەنیا 400 هەزار تمەنە.