ئێران: وێستگەیەکی ئەتۆمی نوێ دەکەینەوە


رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران دەڵێت، بە پشتبەستن بە توانا نێوخۆییەکانیان، وێستگەیەکی ئەتۆمیی نوێ لە پارێزگای خوزستان دادەمەزرێنن.
 
رۆژی هەینی، 24-02-2023، محەممەد سەلامی، سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران رایگەیاند: "وێستگەیەکی ئەتۆمیی نوێمان لە کاروونی پارێزگای خوزستان بە مەبەستی بەرهەمهێنانی کارەبا دامەزراندووە و بۆ ئەم مەبەستەش سوودمان لە توانا مرۆیی و زانستییەکانی خۆمان وەرگرتووە".
 
سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران گوتی: "11 ساڵ لەمەوبەر بڕیاری دامەزراندنی وێستگەیەکی ئەتۆمیی بچووکمان بۆ بەرهەمهێنانی 360 مێگاوات کارەبا دەرکرد، بەڵام ئەوکات بەهۆی ئەو گەمارۆ نێودەوڵەتییانەی خرابوونە سەر کەرتی ئەتۆمیی ئێران، هیچ وڵاتێک ئامادە نەبوو لە دامەزراندنیدا هاوکاریمان بکات".
 
بە گوتەی محەمەد سەلامی، ئێستا بە پشتبەستن بە هێزی نێوخۆیی، دوو مانگە دەستیان کردووە بە دامەزراندنی ئەو بنکە ئەتۆمییە و دەشڵێت: "بنکەی ئەتۆمیی کاروون تەنیا بە مەبەستی بەرهەمهێنانی کارەبا و بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان دادەمەزرێت و لە سەرەتادا 360 مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێنێت و لە پلانی دوورمەوداشدا ئاستی بەرهەمهێنانەکە دەگاتە دوو هەزار مێگاوات کارەبای بەردەوام".
 
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێرانی هەر لە دامەزراندنی وێستگەی نوێ تاوەکو پیتاندنی یۆرانیۆم لە هەشت وێستگە ئەتۆمییەکەی ئەو وڵاتە بێ چاودێریی ئاژانسەکە قەدەخە کردووە، بەڵام سەرۆکی رێکخراوی ئەتۆمیی ئێران دەڵیت: "ئێمە بەردەوام دەبین لە چالاکییە ئەتۆمییەکانمان".
 
سەلامی گوتی: "گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان لەسەر چالاکییە ئەتۆمییەکانمان وایانکرد بتوانین پشت بە هێز و تەکنەلۆژیای نێوخۆییمان ببەستین و ئێستاش بۆ سەلماندنی توانا زانستییەکانمان لەبواری ئەتۆمی، ئەم وێستگە نوێیەمان دامەزراندووە".
 
کۆماری ئیسلامیی ئێران تائێستا بە فەرمی دانی بە هەشت وێستگەی ئەتۆمی لە وڵاتەکەیدا ناوە کە ئەوانیش بریتین لە نەتەنز، فەردۆ، ئەراک، بووشەهر، دارخوین، ئیسفەهان، کەرەج، بناو و یەزد، بەڵام ساڵی 2020 رێکخراوی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم ئاماژەی بە لانیکەم دوو وێستگەی ئەتۆمیی دیکە دا کە ئێران بە نهێنی کاری پیتاندنی یۆرانیۆمی تێدا کردوون کە ئەوانیش بریتین لە وێستگەی ئەتۆمیی پارچین و لەشکەرئاباد، بەڵام تاوەکو ئێستا ئێران بە فەرمی دانی بە هەبوونی ئەو دوو بنکەیە نەناوە.