هێزەکانی ئیتلاعات لە سەردەشت تەقە لە سێ برا دەکەن و برینداریان دەکەن

24-01-2023
فواد حەقیقی
 وێنەی سێ برا بریندارەکە لە نەخۆشخانە
وێنەی سێ برا بریندارەکە لە نەخۆشخانە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سێ برا لە سەردەشت کە نەیانویستووە خۆیان رادەستی هێزەکانی ئیتلاعات بکەن، ئیتلاعات تەقەیان لێدەکەن و برینداریان دەکەن. ئێستا ئەو سێ برایە لە نەخۆشخانەن و چارەسەری تەندروستی وەردەگرن.
 
هاونیشتمانییەک لە نەخۆشخانە ڤیدیۆی ئەو سێ برایەی کردووە و دەڵێت، ئەوە کوڕەکانی ماڵی خال ئەحمەدن، سەرەڕای ئەوەی کە کوڕێکیشیان لێ کوشتوون، دووبارە ئیتلاعات دەچنە سەریان و دەیانەوێ ئەوانیش بکوژن، هەموویان بریندارن، چەند گولـلەیەک بە دەست، قاچ و سەریان کەوتووە.
 
کاژێر نزیک چواری بەیانی لە سەردەشت، ئیتلاعات هەڵیکوتاوەتەوە سەر ماڵی ئازاد لە گەڕەکی دۆڵتانچکی شارەکە، ئازاد دوای کوژرانی هێمنی برای یەکەم شەو بووە گەڕاوەتەوە بۆ ماڵی خۆی، بەڵام ئەو ئامادەنەبووە خۆی رادەست بکات. دەرگەیان لە ئیتلاعات نەکردووەتەوە، ئیتلاعات بە زۆر پەلاماری کچەکەی و هاوژینەکەیان داوە و هەر دووکیان برینداربوون.
 
ئازاد لەو کاتەدا تەلەفۆنی بۆ بێوران کردووە و گوتوویەتی، ئیتلاعات هەڵیکوتاوەتە سەریان. میرزاعەبدوڵا و محەممەدیش بە فریایانەوە چوون، بەڵام هەر کە دابەزیون، ئیتلاعات تەقەیان لێیان کردبوو.
 
عەبدوڵڵا بە سەختی بریندار بووە، گولـلەبەر هەر دوو قاچی کەوتووە. دوای ئەوەی بریندار بوون، هێزەکانی ئیتلاعات ئەوانیان بردووەتە بەر دەرگەی نەخۆشخانەی سەردەشت و بەجێیان هێشتوون.
 
ئازاد، محەممەد و عەبدوڵڵا برای هێمن حەمزە بوون. هێمن نزیکەی 75 رۆژ لەمەوبەر لە نێو گوندی بێوران بەدەستی پاسەوانی سنوور کوژرا. پاسەوانی سنوور بە بیانووی باری قاچاخ چووبووە نێو گوند، خەڵک بەرەنگاریان ببوونەوە و کێشە دروست ببوو، هێمن ویستبووی ناوبژیوانی بکات، بەڵام بە گولـلە لێیان دابوون.
 
شەوی رابردوو لە سەردەشت هەر ئەو هێزەی ئیتلاعات کەسێکی دیکەیان بە ناوی عوسمان پەردەدار دەستگیرکردووە. دەگوترێت دوای ئەوە بۆ ورمێیان گواستووەتەوە. برایانی حەمزە چاوەڕوان بوون حکومەت سزای بکوژی براکەیان بدات، بەڵام ئێستا خۆیان بەرەوڕووی کێشە بوونەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە