پەرلەمانی ئێران بە فەرمی داوای لەسەرکارلادانی جەواد زەریف دەکات
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران لە نامەیەکدا بۆ سەرۆکی دیوانی دادی ئیداریی ئێران داوا دەکات، محەممەد جەواد زەریف لە کار لابدرێت.
دووشەممە، 23 کانوونی یەکەمی 2024، ئیبراهیم رەزایی، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران لە نامەیەکدا بۆ سەرۆکی دیوانی دادی ئیداریی ئێران داوای کرد، بڕیاری دەستنیشانکردنی محەممەد جەواد زەریف، وەک جێگری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری ستراتیژی هەڵبوەشێندرێتەوە.
ئیبراهیم رەزایی دەڵێت: "بەپێی یاسا پێدانی بەرپرسیارێتیی باڵا و هەستیار بەو کەسانەی خۆیان یان کەسانی نزیکیان خاوەن وڵاتینامەی وڵاتێکی دیکە بن، قەدەخەیە".
بەپێی یاسایەک کە لە لایەن پەرلەمانی ئێرانەوە پەسندکراوە، هەر کەسێک خۆی یان ئەندامێکی پلە یەکی خێزانی، وڵاتینامەی وڵاتێکی بیانی هەبێت، نابێت هیچ پۆستێکی هەستیاری پێ بدرێت. بە بیانووی ئەوەی زەریف منداڵەکانی وڵاتینامەی ئەمریکایان هەیە، داوا دەکرێت لە پۆستی جێگری سەرۆککۆمار بۆ کاروباری ستراتیژی دووربخرێتەوە.
دەستنیشانکردنی محەممەد جەواد زەریف، وەکو جێگری سەرۆککۆمار بۆ کاروباری ستراتیژی لە سەرەتاوە ناڕەزایی بەشێک لە پەرلەمانتارانی نەریتخوازی ئێرانی لێکەتووەتەوە و داوایان لە مەسعود پزیشکیان کردبوو، زەریف لەسەر کار لابدات، بەڵام سەرۆککۆماری ئێران وەڵامی داواکارییەکەی نەدایەوە.
زەریف سیاسەتڤانێکی ریفۆرمخوازە و جگە لەوەی وەکو ئەندازیاری رێککەوتنی ئەتۆمیی ئیران لەگەڵ وڵاتانی 5+1 دەناسرێت، بە ئەندازیاری پێکهێنانی کابینەکەی مەسعود پزیشکیانیش دادەنرێت، بەوەش لایەنە نەریتخوازە تووندڕەوەکان لێی ناڕازین و بەردەوام لە دژی دەوەستنەوە.