٪40ـی ئۆتۆمبێلەکانی ئێران داڕزاون و بۆ بەکارهێنان شیاونین

23-12-2023
هیدایەت جان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنی پیشەیی ئۆتۆمبێلە لەکارکەوتوو و نەشیاوەکانی ئێران دەڵێت، نزیکەی 40٪ـی ئۆتۆمبێلی سەر شەقامەکانی ئێران کۆن بوون و ئەوەش بە هۆکاری سەرەکی پیسبوونی ژینگە و بەرزبوونەوەی ژمارەی گیانلەدەستدان لە رووداوی هاتووچۆ دادەنێت.
 
رۆژی شەممە، 23ـی کانوونی یەکەمی 2023، مەحموود مەشهەدی شەریف، سەرۆکی ئەنجوومەنی پیشەیی ئۆتۆمبێلە لەکارکەوتوو و نەشیاوەکانی ئێران رایگەیاند، "نزیکەی دوو ملیۆن و 500 هەزار ئۆتۆمبێل و زیاتر لە 10 ملیۆن ماتۆڕسکیلی داڕزاو لەسەر شەقامەکانی ئێرانن."
 
مەحموود مەشهەدی شەریف دەڵێت، ئەو ئۆتۆمبێلانە بەهۆی کۆنبوونیان، بوونەتە هۆکاری سەرەکیی پیسبوونی ژینگە، لەبەرئەوەی لە رۆژێکدا هەر یەک لەو ئۆتۆمبێلانە تێکڕا 4.13 لیتر بەنزینی زیادە دەسووتێنن، کە لە ساڵێکدا هەر ئۆتۆمبێلێک هەزار و 507 لیتر بەنزینی زیادە دەسووتێنێت.
 
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی رێگەوبانی ئێران، لە ساڵی 2019، حەوت هەزار ئۆتۆمبێلی نەشیاو، لە ساڵی 2020 نزیکەی 13 هەزار ئۆتۆمبێل، لە ساڵی 2021 نزیکەی 28 هەزار ئۆتۆمبێل، لە ساڵی 2022 نزیکەی 30 هەزار ئۆتۆمبێل و لە نۆ مانگی ساڵی 2023 زیاتر لە 30 هەزار ئۆتۆمبێلی کۆن و نەشیاو لەنێوبراون.
 
وەکو مەحموود مەشهەدی شەریف ئاماژەی کردووە، یەک لە هۆکارە هەرە سەرەکییەکانی رووداوی هاتووچۆ و بەرزبوونەوەی ژمارەی گیانلەدەستدان لەم رووداوانەدا، ئەو ئۆتۆمبێلە کۆن و نەشیاوانەن کە هیچ ستانداردێکی سەلامەتییان تێدا نەماوە.
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی پیشەیی ئۆتۆمبێلە لەکارکەوتوو و نەشیاوەکانی ئێران گوتی؛ "پیسبوونی ژینگە لە ئێران زیانی گیانی و مادی زۆری گەیاندووە و لە ماوەی نۆ مانگی ئەم ساڵدا تەنیا سێ رۆژ هەوای پاکمان هەبووە، کە یەک لە هۆکارە هەرە سەرەکییەکان بوونی ئەو ئۆتۆمبێلە کۆن و نەشیاوانەیە لە شەقامەکان."
 
ئەو بەڕێوەبەرە دەشڵێت، 50٪ـی پیسبوونی ژینگەی ئێران بەهۆی ئۆتۆمبێل و هۆکارەکانی دیکەی گواستنەوەیە، لەبەر ئەوەی نەوەکو هەر ئۆتۆمبێلە داڕزاو و کۆنەکان، بەڵکو ئۆتۆمبێلە تازەکانیش لە ئێران ستانداردی ژینگەیی یۆرۆ 5 و 6ـیان نییە.
 
بەگوێرەی ئاماری ئەنجوومەنی پیشەیی ئۆتۆمبێلە لەکارکەوتوو و نەشیاوەکانی ئێران، 12 ملیۆن ماتۆرسکیل لە ئێران مۆڵەتیان هەیە کە لەو ژمارەیە 9 بۆ 10 ملیۆنیان کۆن و نەشیاون و سەرۆکی ئەنجوومەنەکەش دووپاتی دەکاتەوە؛ "لە ئێستادا 2.5 ملیۆن ئۆتۆمبێلی داڕزاو لەسەر شەقامەکانن و نزیکەی سێ ملیۆن ئۆتۆمبێلیش نزیکبوونەتەوە لە داڕزان، هاوکات 500 هەزار ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی گشتی و بارهەڵگر داڕزاون و دەبێت لەسەر شەقامەکان کۆبکرێنەوە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە