رووداو دیجیتاڵ
رێبەری ئێران، ئاگادارە لەوەی رەوایەتیی حکومەتەکەی پەیوەندیی زۆری بە هەڵبژاردنەکانی دوو مانگی داهاتووەوە هەیە. هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری کە هەریەکیان گرنگیی تایبەت بە خۆی هەیە، سەرەڕای ئەوەش، لەوە دەچێت ساردوسڕ بەڕێوەبچن.
هۆکاری زۆر هەن کە خەڵکیان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن دڵسارد کردووە، بەڵام رێبەری ئێران داوا دەکات گوێ بەو شتانە نەدەن.
عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران دەڵێ "هەندێ کەس خەڵک بۆ هەڵبژاردن بێهیوا دەکەن، ئەمە کارێکی هەڵەیە، ئەمە بە زیانی وڵاتە، بە زیانی وڵاتە، بە زیانی فڵانە کەس و فڵانە کەسایەتی نییە، بە زیانی وڵاتە. هەندێ کەس بۆ ئەوەی خەڵک بێهیوا بکەن، بەردەوام کێشەکانی وڵات دەخەنەوە بەرچاو، بەڵام بۆ ئەوەی کێشەکان چارەسەر بن، دەبێت لە هەڵبژاردن بەشداری بکرێت."
بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان، بەربژێرەکان دەبێت سێ قۆناخ بە سەرکەوتوویی ببڕن، بەڵام ریفۆرمخواز و میانەڕەوەکان لە قۆناخی یەکەم ناڕازیین، کە دەستە جێبەجێکارەکان شیاویی ژمارەیەکی زۆری بەربژێرە رەخنەگرەکانیان رەت کردووەتەوە.
ریفۆرمخوازان نیگەرانن لەوەی ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور، کە ئەنجوومەنێکی نەریتخوازە و مۆڵەتی بەربژێرەکان بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردن رەت یان پشتڕاست دەکاتەوە، رێگەی بەشداریی بە ژمارەیەکی زیاتریش نەدات، ئەوان بەمە دەڵێن 'یەکدەستسازیی دەسەڵات بە قازانجی نەریتخوازان.'
محەممەدباقر نەوبەخت، سکرتێری حیزبی ئیعتدال و پەرەپێدان دەڵێ "ئاگادارن کە ریفۆرمخوازان روانگەیەکی هاوشێوەیان بۆ هەڵبژاردن نییە. فرەچەشنن. هەندێ پێیان وایە، هەر بەم بارودۆخەوە دەتوانن بەشداریی بکەن، هەندێکیش پێیان وایە ناتوانن بەشداریی بکەن."
هاوکات لەگەڵ هەڵبژاردنی خولی 12ـیەمی پەرلەمان، هەڵبژاردنی خولێکی دیکەی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەرییش بەڕێوەدەچێت؛ ئەرکی چاودێریی و هەڵبژاردنی رێبەریی نوێیە؛ کە بە سەرنجدان بە تەمەنی عەلی خامنەیی، رێبەری ئێستا، خولی داهاتووی ئەنجوومەنەکە گرنگیی زۆری بۆ باڵ و لایەنە سیاسییەکان لە ئێراندا هەیە. بەپێی ئەم تێبینییە حەسەن رووحانی، سەرۆککۆماری پێشووی ئێران، خۆی بۆی بەربژێر کردووە.
حەسەن رووحانی، سەرۆککۆماری پێشووی ئێران دەڵێ "رەنگە کارکردی ئەنجوومەنی شارەزایان جۆرێک نەبێت، خەڵک هەستی پێبکەن کە ئەم ئەنجوومەنە چیی کردووە بۆیان، بەڵام لە قۆناخێکدا کارێک دەکات، ئەو کارە، رەنگە 20 ساڵ، 30 ساڵ، 40 ساڵ و رەنگە زیاتریش؛ چارەنووسی خەڵک دیاریی بکات، رێبەر پێگەیەکی تایبەت و ناوازەی هەیە."
بەڵام بارودۆخی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی و مەیلی توندڕەوەکان بۆ پەراوێزخستنی میانڕەوەکان کاریگەریی لەسەر هەڵبژاردن هەبووە، زۆر کەس لە ئێستاوە باسی بایکۆتکردن دەکەن، پێیان وایە ترووسکەی هیوایەک بۆ چاکسازیی تێدا بەدی ناکرێت، بەڵام زۆر کەسیش وەک بەردەبازێک بۆ دەسەڵاتی زیاتری دەبینن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ