رووداو دیجیتاڵ
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا داوا لە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەکات رۆژی پێنجشەممە دووکانەکانیان دابخەن.
لە راگەیێندراوێکدا کە شەوی رابردوو ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە هەردوو زمانی فارسی و کوردی بڵاویکردەوە، داوا لە هەموو خەڵکی ئێران کراوە سبەی پێنجشەممە 24-11-2022 بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی لە بەرامبەر تووندوتیژییەکانی هێزە ئەمنییەکانی ئێران دووکانەکانیان نەکەنەوە.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت: "رۆژانە ئاگاداری هێرشی هێزە چەکدارییەکانی حکومەتی ئێرانین بە چەکەوە بۆسەر شارەکانی کوردستان. ئەم بزووتنەوەیە بە بێ هاودڵی و یەکگرتوویی هەموو چینەکانی کۆمەڵگەی ئێران ناگاتە ئەنجام."
ناوەندیی هاوکاریی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان داوا لە هەموو حیزب و رێکخراو و لایەنە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەکات "لە پێناو بەهێزکردنی ئەم یەکگرتووییە و پشتیوانی لە خەڵکی خەباتکاری کوردستان" پشتیوانی لەم راگەیێندراوە بکەن.
بڵاوکردنەوەی راگەیێندراوەکە لە کاتێکدایە، خۆپێشاندان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و بەشێک لە شارەکانی ئێران بەردەوامە و چەند رۆژێکیشە بەکارهێنانی تووندوتیژی زیادیکردووە.
رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران کە بارەگاکەی لە نەرویجە رۆژی 22-11-2022 راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت، لە ماوەی ئەم چەند رۆژەی رابردوودا 72 کەس لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران گیانیان لەدەستداوە کە 56 کەسیان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ