گرووپێکی هاککەر بەڵگەنامە ئەتۆمییەکانی ئێران بڵاودەکەنەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

گرووپی هاککەری بلاک ریوۆرد، 50 گێگابایت بەڵگەنامەی هاککراوی کۆمپانیای پەرەپێدانی ئەتۆمیی ئێرانیان بڵاوکردەوە.
 
گرووپی هاککەری بلاک ریوۆرد، دوای ئەوەی رۆژی هەینی 21-10-2022 لە ئیمەیڵێکدا هۆشدارییان بە بەرپرسانی حکومەتی ئێران دا لەبارەی بڵاوکردنەوەی ژمارەیەک بەڵگەنامە لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئەو وڵاتە، شەوی رابردوو 50 گێگابایت بەڵگەنامەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانیان بڵاوکردەوە.
 
گرووپە هاککەرەکە لە ئیمەیڵەکەدا داوای ئازادکردنی بەندکراوانی سیاسی لە بەرپرسانی حکومەتی ئێران کردبوو و هۆشداریی دابوو کە ئەگەر داواکارییەکە جێبەجێ نەکرێت، هەموو ئەو بەڵگەنامانەی هاکی کردوون بڵاویان دەکاتەوە.
 
پێشتر گرووپی بلاک ریوۆرد رایگەیاندبوو، چووەتە نێو سێرڤەری کۆمپانیای وزەی ئەتۆمیی بوشێهر و دەستی بە هەندێک زانیاریی گرنگی پەیوەندیدار بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران گەیشتووە.
 
زانیارییەکان، بەپێی گرووپەکە، لە چەندین بەڵگەنامەی تایبەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران پێکدێن، کە بەشێکیان بە زمانی رووسین. زانیارییەکان پێکدێن لە چەندەها وێنە و ڤیدیۆی تایبەت بە بنکەی ئەتۆمیی بوشێهر، نەخشەی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، گرێبەستەکانی نێوان کۆمپانیای بنکەی ئەتۆمیی بوشێهر و کۆمپانیا بیانییەکان، پسوولەی مووچەی کارمەندانی بنکەکە و هەروەها بەڵگەنامەی تایبەت بە هەڵسەنگاندنی باری ئەمنیی دامەزراوە ئەتۆمییەکەی بوشێهر، کە تێکڕا 50 گێگابایتە و لە رێگەی کەناڵی تێلێگرامی تایبەت بە خۆیانەوە، بڵاوکراونەتەوە.
 
گرووپەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە دروشـمی "ژن، ژیان، ئازادی" زانیارییەکان بڵاودەکاتەوە، ئیمەیلێکی بۆ بەرپرسانی حکومەت ناردووە و تێیدا داوای ئازادیی بەندکراوانی سیاسی، بەتایبەت بەندکراوانی خۆپێشاندانەکانی مانگی رابردووی ئێرانی کردووە و نووسیویەتی، "24 کاژێر کات هەیە بۆ ئازادکردنی هەموو بەندکراوانی سیاسی و دەستبەسەرکراوانی خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییانە، ئەگینا، هەندێک بەڵگەنامە لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بڵاودەکەینەوە کە بەرپرسانی حکومەت دەزانن چ کاریگەرییەکی لەسەر پرۆگرامی ئەتۆمیی وڵاتەکەیان لەلای وڵاتانی بیانییەوە دەبێت."
 
گرووپی هاککەری بلاک ریوۆرد چەند رۆژ پێش ئەوەش ماڵپەڕی فەرمیی کەناڵی تەلەڤیزیۆنیی ئینگلیزی زمانی کۆماری ئیسلامیی هاک کردبوو و ژمارەیەک بەڵگەنامەی ئەو کەناڵەشی بڵاوکردبووەوە.
 
لە یەک مانگی رابردوودا دەزگاکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران چەند جارێک هاککراون، لەوانە هاککردنی میدیای فەرمیی ئەو وڵاتە لەکاتی بڵاوکردنەوەی گوتاری عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران لەلایەن گرووپی "دادپەروەریی عەلی"یەوە بوو، کە بۆ ماوەی 30 چرکە گوتارەکە پچڕا و دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" و وێنەی کوژراوان و ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی ئێران بڵاوکرایەوە.
 
هەروەها لەلایەن گرووپی هاککەری ئەنۆنیمەسیشەوە، چەندین جار سیستمە ئەمنییەکان، سیستمی بانکی، سیستمی دارایی حکومەت و ماڵپەڕە فەرمییەکانی رێبەری کۆماری ئیسلامی و میدیا فەرمییەکانی ئێرانیش هاککراون، بەڵام تائێستا بەرپرسانی حکومەت هیچ کاردانەوەیەکیان لەبارەی هاککردنەکانەوە نەبووە.