کوردێک بووە جێگری وەزیری نەوتی ئێران

 
رووداو دیجیتاڵ

سەیید عیماد حوسێنی، سیاسەتڤانی کوردی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بووە جێگری وەزیری نەوتی ئێران.
 
موحسین پاکنەژاد، وەزیری نەوتی کابینەی مەسعود پزیشکیان بە بڕیارێک سەیید عیماد حوسێنی وەک جێگری وەزیر و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای نیشتیمانیی پیشەسازیی پترۆکیمیایی ئەو وڵاتە دیاریکرد.
 
سەیید عیماد حوسێنی ساڵی 1973 لەدایکبووە و خەڵکی شاری قوروەی سەر بە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستانە.
 
حوسێنی لە دوو خولی حەوتەم و هەشتەمی پەرلەمانی ئێراندا پەرلەمانتاری شارەکانی قوروە و دێولان بووە و ساڵی 2013 لە کابینەی یەکەمی حەسەن رووحانی، سەرۆککۆماری ئەو کاتی ئێران وەک جێگری بیژەن زەنگەنە، وەزیری نەوتی ئەوکات دەستنیشانکرا.
 
لە سەروبەندی راگەیاندنی لیستی وەزیرانی کابینەی مەسعود پزیشکیان، سەیید عیماد حوسێنی یەکێک بوو لە بەربەژێرە سەرەکییەکان بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی نەوتی ئەو وڵاتە.
 
چەند زانیارییەک لەبارەی سەیید عیماد حوسێنییەوە:
 
- سیاسەتڤانی کورد و سوننەی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە
 
- ساڵی 1973 لە شاری قوروەی سەر بە پارێزگای سنە لەدایکبووە
 
- لە دوو خولی حەوتەم و هەشتەمدا پەرلەمانتاری قوروە و دێولان بوو لە پەرلەمانی ئێران
 
- بڕوانامەی ئەندازیاریی پترۆکیمیایی لە زانکۆی پولیتەکنیکی تاران وەرگرتووە
 
- بڕوانامەی ماستەری لە هەمان بواردا لە کەنەدا بەدەستهێناوە
 
- دکتۆرای لە ئەندازیاریی توێژینەوەی داهاتوو لە زانکۆی پیشەسازی ئەمیرکەبیری تاران وەرگرتووە
 
- ساڵی 2013 لە کابینەی حەسەن رووحانی، سەرۆککۆماری ئەو کاتی ئێران وەک جێگری وەزیری نەوت دەستنیشانکرا
 
-لە سەروبەندی راگەیاندنی لیستی وەزیرانی کابینەی مەسعود پزیشکیان، یەکێک لە بەربەژێرە سەرەکییەکان بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی نەوت بوو