پرۆسەی خوێندن لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەستیپێکردەوە

24-09-2021
رووداو @Rudawkurdish
چەند قوتابییەک لە ئێران
چەند قوتابییەک لە ئێران
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە یەکەمین رۆژی پاییز، دەبوو وەرزی نوێی خوێندنی ئەمساڵی قوتابییان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەستپێبکات، بەڵام ئەمە دووەمین پاییزە، بەهۆی پەتای کۆرۆناوە دەرگای قوتابخانەکان بە شێوەی ئاسایی ناکرێنەوە و قوتابییان بە ئۆنلاین دەخوێنن.
 
قوتابییەک بەناوی رێبین قەرداخی دەڵێت، "لەوەتەی کۆرۆنا هاتووە، قوتابخانەکان داخراون و بە ئۆنلاین لەسەر بەرنامەی شاد دەرس دەخوێنین. زۆر کەم فێردەبین و خۆشترە قوتابخانەکان بکرێنەوە".
 
قوتابییەکی دیکە بەناوی سەنا شنۆیی ئاماژە بەوە دەکات، "زۆر سەختە بە مۆبایل بخوێنین، ئەگەر بچینەوە قوتابخانە زۆر باشترە، پشتیوان بە خودا دیسان دەگەڕێینەوە بۆ قوتابخانە".
 
سەرەتا وەزارەتی تەندروستی و ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، بە مەرجی ڤاکسینکردنی قوتابییان رازیبوو بەوەی دەرگای قوتابخانەکان بکرێنەوە، بەڵام وەزارەتی پەروەردە، ئەمساڵیش جگە لە پۆلی یەکەمی سەرەتایی، بڕیاری دا پۆلەکانی دیکە، وەکو ساڵی رابردوو، بە شێوەی ئۆنلاین بخوێنن.
 
عەلیڕەزا کازمی، وەزیری پەروەردەی ئێران بە وەکالەت رایگەیاند، "ساڵی خوێندن لە رێگەی ئۆنلاین و بە ئەپڵیکەیشنی شاد دەستپێدەکەین. هەڵبەت بڕیاردراوە پۆلی یەکی سەرەتایی، بۆئەوەی مامۆستاکانیان بناسن، لانیکەم هەفتەی یەک رۆژ لە قوتابخانەکان ئامادەبن، دواتر بە ئۆنلاین دەستپێبکەن. بۆ پۆلەکانی دیکەش سێ پلانمان داناوە و پلانی یەکەم ئەو قوتابخانانە دەکەینەوە کە ژمارەی قوتابییانیان کەمە. پلانی دووەمیش بۆ ئەو قوتابخانانەی کە ژمارەی قوتابییان زۆرە، خستوومانەتە ئەستۆی ئەنجوومەنی قوتابخانەکان. پلانی سێیەمیشمان دانانی ماڵپەڕێکە کە قوتابیان خۆیان تێیدا بەشداربن بۆ خوێندن".
 
ساڵی رابردوو خوێندن لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە رێگەی ئەپڵیکەیشنی شادەوە بوو. وەزارەتی پەروەردەی ئێران دەڵێت، تەنیا 70%ی قوتابییان دەستیان بەو شێوازە خوێندنە گەیشتووە و بەپێی ئەو ئامارە، نزیکەی پێنج ملیۆن قوتابی لەو ئەپڵیکەیشنەدا بێبەش بوون. ئەوانەشی بەکارهێنەری شاد بوون، تەنیا بە مەرجی یارمەتیی خێزانەکانیان توانیوویانە لە وانەکانیاندا سەرکەوتوو بن.
 
عەلیڕەزا محەممەدنەژاد دەڵێت، "ئەو کەسانەی توانیویانە زۆر بە باشی لە تۆڕی شاد بڕۆنە پێش و فێر ببن، ئەوانە بوون کە خێزانەکانیان بە باشی چاودێرییان کردوون. بە تایبەتی قوتابییانی سەرەتایی کە پێویستە دایک، باوک، برا، یان کەسێک لەنێو ماڵ، چاودێرییان بکات، چونکە مامۆستا دەستی بە منداڵەکان ناگات و ناتوانێت یەکەیەکە چاودێریی قوتابییان بکات. پێموایە ئەگەر خێزانەکان هاوکاریی منداڵەکانیان بکەن، پەروەردەی ئۆنلاین بەهۆی ئەوەی دەکرێت لە فیلم و زۆر بابەتی دیکە کەڵک وەربگرین، زۆریش قازانجی هەیە".
 
بەپێی ئاماری فەرمیی وەزارەتی پەروەردەی ئێران، ساڵی رابردوو 147 هەزار قوتابی بەهۆی نەبوونی ئینتەرنێت و کەلوپەلی تایبەت بە خوێندنی ئۆنلاین، وازیان لە خوێندن هێناوە. بەڵام ئەنجوومەنی پارێزگاری لە مافی منداڵانی ئێران ئەو ژمارەیە بە یەک ملیۆن قوتابی دەخەمڵێنێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە