رووداو دیجیتاڵ
وەزیری نوێی دەرەوەی ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا داوا دەکات بە 'دیالۆگ' کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن.
رۆژی پێنجشەممە 23ـی ئابی 2024 عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "کۆماری ئیسلامی ئێران پێشوازی لە بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش دەکات".
لە پێنج ساڵی رابردوودا پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتیی ئەورووپا و ئێران بەرەو خراپی چوون، ئەوەش دوای ئەوەی لە ساڵی 2018 ئەمریکا تاکلایەنە لە رێککەوتنی ئەتۆمی کشایەوە، ئەوەش وایکرد ئێران قۆناخ بە قۆناخ دەستبەرداری رێککەوتنەکە ببێت و لە بەرامبەریشدا پەرە بە پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی بدات.
یەکێتیی ئەورووپا ئێران بەوە تۆمەتبار دەکات کە لە چالاکییە ئەتۆمییەکانی بەردەوامە، پاڵپشتی لە گرووپی حەماسی فەلەستینی دەکات، لە جەنگی ئۆکراینا لایەنگری رووسیایە و پێشێلکاری بەرامبەر بە مافەکانی مرۆڤ دەکات.
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژە بەوەش دەکات، بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکان "پێویستی بە دیالۆگ هەیە بۆ ئەوەی پرسەکانی نێوان هەردوولا چارەسەر بکرێن و سیاسەتی هەڵەی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا راست بکرێتەوە".
جۆزێپ بۆڕێل لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس گوتی، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران باسی "لە نوێکردنەوەی پەیوەندییەکان لەسەر هەموو دۆسیەکان کە بەرژەوەندی هاوبەشمان هەیە" کردووە.
بۆرێل هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، لە گفتوگۆکانیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران باسی لە "گرنگی هێورکردنەوەی دۆخەکە و دانبەخۆداگرتن" و "راگرتنی هاوئاهەنگی سەربازی لەگەڵ رووسیا دژ بە ئۆکراینا" کردووە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، ئێران و هێزە چەکدارە نزیکەکانی لە ناوچەکە دوای کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی پێشووی مەکتەبی سیاسی حەماس و فوئاد شوکر، سەرکردەی حیزبوڵڵای لوبنانی، هەڕەشەی هێرشکردنە سەر ئیسرائیل دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ