فۆتۆگرافەرێکی ئێرانی لەلایەن تاڵیبانەوە 'دەستگیرکراوە'

23-08-2023
سینا سۆما
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

فۆتۆگرافەرێکی ئێرانی لە ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە دەستگیرکراوە و حکومەتی ئێران دەڵێت، لە هەوڵی جیدیدان بۆ ئەوەی ئەو رۆژنامەنووسە ئازاد بکرێت.
 
میدیای ئێران رایانگەیاند، محەممەد حوسێن ویلایەتیی رۆژی شەممەی رابردوو 19-8-2023 لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کابووڵ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تاڵیبانەوە دەستگیرکراوە.
 
محەممەد حوسێن ویلایەتیی فۆتۆگرافەریی ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێرانییە کە بەوە دەناسرێت سەر بە سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانە. 
 
بەپێی میدیای ئێران، ئەو فۆتۆگرافەرە ئێرانییە بە شێوەیەکی یاسایی و لە رێگەی گەشتێکی ئاسمانییەوە سەردانی ئەفغانستانی کردبوو و ماوەی 10 رۆژ بوو کە لە کابوولی پایتەختی ئەو وڵاتە دەمایەوە، کاتێک ویستوویەتیی ئەو وڵاتە جێبهێڵێت و بگەڕێتەوە وڵاتەکەی، لە فڕۆکەخانەی کابووڵ دەستگیرکراوە، بێئەوەی هۆکاری دەستگیرکردنی بزانرێت. 
 
حکومەتی ئێران دەڵێت: ئەو فۆتۆگرافەرە ئێرانییە لەلایەن تاڵیبانەوە دەستگیرکراوە "هەوڵی جیددی دەدەین بۆ ئازادکردنی."  
 
ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "دوای ئاگاداربوونیان لە پرسەکە، وەزارەتی دەرەوە دەستبەجێ بەدواداچوونی خۆی لەگەڵ دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکانی ئەفغانستان دەستپێکرد و لە هەوڵی جیدیداین بۆ ئازادکردنی ئەو هاووڵاتییە ئێرانییە." 
 
حەسەن کازمی قومی، باڵیۆزی ئێران لە کابوول و نوێنەریی تایبەتیی سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری ئەفغانستانیش لەو بارەیەوە رایگەیاند، "ئێمە بەدواداچوونێکی جیدی دەکەین و گفتوگۆم لەگەڵ کابووڵ و دەزگا هەواڵگرییەکان کرد بۆ ئەوەی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئەوێ قسە بکەم، پێم گوترا کە ئەوان بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە دەکەن و بەمزووانە ئەنجامی دەبێت."
 
دەسەڵاتی تاڵیبان و دەزگە پەیوەندیدارەکانیی حکومەتی ئەفغانستان تائێستا لەسەر دەستگیرکردنی ئەو فۆتۆگرافەرە ئێرانییە هیچ لێدوانێکیان نەبووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە