کێشەی کەمیی مامۆستا بابەتی گەرمی ئێرانە؛ پێشنیاز کراوە مامۆستایانی خانەنشین بگەڕێنەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

مامۆستایانی نەهزەتی ئێران کە کار بۆ نەهێشتنی نەخوێندەواری دەکەن، خۆپێشاندانیان کرد و داوا لە وەزارەتی پەروەردە دەکەن دابمەزرێندرێن، بەڵام چەند ساڵە سەرەڕای کەمیی مامۆستا لە قوتابخانەکان، وەڵامیان نادرێتەوە. ئەوەش لە کاتێکدایە وەزارەتی پەروەردە دان بەوەدا دەنێت، لانیکەم بۆ ئەم ساڵ 270 هەزار مامۆستای پێویستە.
 
رەزا موراد سەحرایی، وەزیری پەروەردەی ئێران رایگەیاند، "زیاتر لە 105 هەزار مامۆستا تەنیا لە ئەم ساڵی خوێندن وەردەگیرێن، ئەمەش جگە لە بەرزکردنەوەی ئاستی مامۆستایانی نوێ کە لە ناوەندەکانی راهێنان کاریان بۆ دەکەین. بەگشتیش داوای دامەزراندنی زیاتر لە 263 هەزار مامۆستا لە بوارە جیاوازەکاندا دراوەتە وەزارەتی پەروەردە."
 
کۆمیسیۆنی پەروەردەی پەرلەمان لە نامەیەکدا بۆ وەزارەتی پەروەردەی ئێران، سێ هۆکاری سەرەکیی کەمیی مامۆستای ئەو وڵاتە رووندەکاتەوە و داوای بەدواداچوونی خێرا لە وەزارەتەکە دەکات بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە.
 
بەگوێرەی ئەو نامەیە، زیادبوونی ژمارەی قوتابییان لە خوار یەک ملیۆن و 500 هەزار قوتابییەوە بۆ سەرووی یەک ملیۆن و 700 هەزار قوتابی، داوای خانەنشینبوونی 72 هەزار مامۆستا و دەرنەچوونی خوێندکاری بەشی پەروەردە بە رێژەی 90% لە ساڵانی رابردوودا، سێ هۆکاری سەرەکیی ئەو کێشەیە.
 
وەزارەتی پەروەردەی ئێران لە کابینەی ئیبراهیم رەئیسیدا، کێشەی دەرنەچوونی خوێندکارانی بە یەکێک لە کارەکانی کابینەی رووحانی بۆ داخستنی زانکۆکانی بەشی پەروەردە زانی و گوتی، ئەو هەوڵانە لە ساڵی خوێندنی 2021ـەوە زیاتر هەستی پێکراوە و کێشەکانی ئەو کەرتەی دوو هێندە کردووە.
 
عەلی فەرهادی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی ئێران رایگەیاند، "بەداخەوە لەنێوان ساڵەکانی 2014 بۆ 2018 ژمارەی وەرگرتنی خوێندکاران لە بەشەکانی پەروەردە، لە 30 هەزار خوێندکارەوە بۆ 3000 لە ساڵێکدا دابەزی. ئەمەش بووە هۆی کەمیی مامۆستا و ئەو کێشەیەش لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی سێزدەیەمەوە زۆر بە تووندی هەستی پێکرا."
 
بەڵام کۆمسیۆنی پەروەردەی پەرلەمان داوا لە حکومەت دەکات لەبری گرنگیدان بەو مشتومڕانە، رێکاری تایبەتی خێرا بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە بگیرێتەبەر.
 
عەلیڕەزا مونادی سفیدان، سەرۆکی کۆمیسیۆنی پەروەردەی پەرلەمانی ئێران دەڵێت، "سێ پێشنیازمان بە وەزارەتی پەروەردە داوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمیی مامۆستا و پێویستە لە زووترین کاتدا جێبەجێ بکرێن. زیادکردنی مووچەی مامۆستایان، گرتنەبەری رێکاری هاندەرانە بۆ گەڕانەوەی مامۆستایانی خانەنشین و رێگەنەدان بە کڕینەوەی پێشوەختەی مامۆستایان، پێشنیازەکانمانن."
 
چەند رۆژە کێشەی کەمیی مامۆستا بابەتی گەرمی میدیای ئێرانە و پسپۆڕانی بواری پەروەردە، چارەسەرنەکردنی ئەو کێشەیە بە سەرهەڵدانی قەیرانێکی گەورە لەو کەرتەدا دەزانن.