سوپای پاسداران لە کەنداو دەستی بەسەر کەشتییەکی نەوت هەڵگردا گرت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سینا سۆما
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، لە کەنداو دەستیان بەسەر کەشتییەکدا گرتووە نەوتی قاچاخی بارکردووە و بەشێوەیەکی نایاسایی لەنێو سنوورە ئاوییەکانی ئێراندا بووە. دەشڵێت، 12 کەس لە ستافی کەشتییە نەوتهەڵگرەکە دەستبەسەر کراون.
 
جەنەرال حەیدەر هونەرییان، فەرماندەی ناوچەی دووەمی دەریایی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران رۆژی دووشەممە بە میدیای وڵاتەکەی رایگەیاند، کەشتییەکە ئاڵای تۆگۆی لەسەر بووە، 1.5 ملیۆن لیتر سووتەمەنیی قاچاخی پێبووە و لە سنوورە ئاوییەکانی پارێزگای بوشێهر لە کەنداو لەلایەن هێزەکانیانەوە دەستی بەسەردا گیراوە.
 
بەگوتەی ئەو بەرپرسەی سوپای پاسداران، 12 کەس لە ستافی کەشتییەکە کە خەڵکی هیندستان و سریلانکان، لەلایەن هێزەکانیانەوە دەستبەسەرکراون و کەشتییەکە بۆ بەندەری بوشێهر گوێزراوەتەوە.
 
کۆمپانیای بەریتانیی ئێمبری بۆ ئاسایشی دەریایی رایگەیاندووە، کەشتییەکە لە عێراقەوە سووتەمەنی بارکردووە و بەرەو بەندەری شارجەی ئیمارات لە رێگەدا بووە.
 
سوپای پاسداران پێشتریش لە کەنداو دەستی بەسەر چەندین کەشتیدا گرتووە. لە رۆژی 06-12-2023دا، سوپای پاسداران رایگەیاند، لە کەنداو دەستیان بەسەر دوو کەشتیدا گرتووە، کە نەوتی قاچاخیان بارکردبوو، 34 کەسیش لە ستافی ئەو دوو کەشتییە، کە بیانین لەلایەن هێزەکانیانەوە دەستبەسەر کراون.
 
هەروەها لە 07-07-2023، سوپای پاسداران رایگەیاندبوو، دەستی بەسەر کەشتییەکدا گرتووە، کە 900 تۆن سووتەمەنی قاچاخی بار کردبوو و 12 کەس لە ستافی کەشتییەکەش کە بیانی بوون، لەلایەن هێزەکانیانەوە دەستگیرکراون. 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە