وێنەی مانگە دەستکردەکان وێستگەیەکی نوێی ئێران ئاشکرا دەکەن

23-05-2023
لهۆن نەسرەدین
ئەم بازنە زەردە وێستگە نوێیەکەیە
ئەم بازنە زەردە وێستگە نوێیەکەیە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

مانگە دەستکردەکان وێستگەیەکی نوێی ئەتۆمیی ئێران ئاشکرا دەکەن، کە دەکەوێتە خوار وێستگەی نەتەنز لە نێوەڕاستی ئێران.
 
ستیڤن دولا فونتێ، شارەزای سیاسی دەڵێت، "ئەوان نزیکەی دوو ساڵە خەریکی دروستکردنی وێستگەیەکی ژێرزەوین، کە لە وێستگەکانی دیکە قووڵترە، تەنانەت لە هەردوو وێستگەی فۆردۆ و پارچینیش".
 
بەگوێرەی زانیارییە هەواڵگرییەکان؛ وێستگەکە 4 دەروازەی بە پانیی 6 مەتر و بەرزیی 8 مەتری هەیە. قوڵیی وێستگەکەش نزیکەی 100 مەتر لەژێر زەوییە کە دوو هێندەی وێستگە تەقلیدییەکانە. ئەوەش ئەو تایبەتمەندییەی پێدەدات بەرگەی نوێترین و بەهێزترین چەکەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بگرێت.
 
جۆن گامبرێل، شارەزای کاروباری سیاسی دەڵێت، "لەم کاتەدا روون نییە چی لەو تونێڵانەدا دەکرێت، ئەگەر نیازی پیتاندنی یۆرانیۆمی هەبێت دەبێت ئاگاداری ئاژانسی نێودەوڵەتیی ئەتۆمی بکردایەتەوە، بەڵام تائێستا ئاژانسەکە هیچی لە بارەیەوە نەگوتووە، شوێنەکە قووڵە و ئەستەمە چەکە قورسەکانیش کاریگەری تێ بکەن".
 
شارەزایان دەڵێن، گەورەیی وێستگەکە ئەو گومانە دروست دەکات کە تێیدا یۆرانیۆم لە ئاستی بەکارهێنانی بۆ چەکی ئەتۆمی بپیتێندرێت.
 
لە دوای کشانەوەی تاکلایەنانەی ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمییەکە لە ئایاری 2018، ئێران لەو کاتەوە پیتاندنی یۆرانیۆمی لە 3.67٪ کە رێگەی پێدراوە بۆ 60٪ بەرزکردەوە و تیمی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم وردە یۆرانیۆمی پیتێندراو بە رێژەی نزیک لە 84٪ دۆزییەوە، کە 90٪ نزیکە بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی.
 
جۆن گامبرێل، شارەزای کاروباری سیاسی باس لەوە دەکات، "ئەمریکا و ئیسرائیل گوتیان رێگە بە ئێران نادەن چەکی ئەتۆمی بەرهەمبهێنێت و هەردوو وڵاتیش تۆمەتبارن بە هێرشکردنە سەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئەو وڵاتە، لە نێویاندا هێرشی ئینتەرنێتی لەسەر سیستمی سێنتریفیوجی وێستگەی ئەتۆمیی نەتەنز. ئێستا ترس هەیە شەڕەکە چیدیکە بە نهێنی نەمێنێتەوە و بە ئاشکرایی بکرێت".
 
لە ماوەی 5 ساڵی رابردوودا چەند هێرشێكی ئینتەرنێتی و تیرۆرکردنی زانای ئەتۆمیی ئێرانی کراون کە گومانی ئیسرائیل بە هاوکاریی ئەمریکایان لێ دەکرێت؛ لە کاتێکدا تەلئەڤیڤ جەخت لە رێگریکردنی تاران لە گەیشتن بە چەکی ئەتۆمی دەکاتەوە، گومان دەکرێت ئەو هێرشانە زیاتر پاڵ بە ئێرانەوە بنێت خێراتر بەرەو بەرهەمهێنانی بۆمبی ئەتۆمی بڕوات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە