لە مانگێکدا 64 کەس لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان خنکاون

 
رووداو دیجیتاڵ

لە ماوەی مانگێکدا لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان 64 کەس خنکاون؛ ژمارەکە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی پار 2% زیادیکردووە.
 
بابەک یەکتاپەرەست، گوتەبێژی رێکخراوی فریاکەوتنی ئێران رۆژی دووشەممە رایگەیاند، لە 21ی ئاداری 2024ەوە تاوەکو 21ی نیسانی 2024، واتە لە ماوەی مانگێکدا، زانیارییان لەسەر 118 رووداوی خنکان پێگەیشتووە، لەو رووداوانەدا 64 کەس گیانیان لەدەستداوە و 54 کەسیش لەلایەن تیمەکانی فریاکەوتنەوە رزگار کراون.
 
بە گوتەی گوتەبێژی رێکخراوی فریاکەوتنی ئێران، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی پار، ئاماری گیانلەدەستدان بە خنکانە لە ئێران 2% زیادیکردووە، هەروەها ئاماری رزگارکراوانیش 59% زیادیکردووە.
 
یەکتاپەرەست ئاماژەی بەوەش کردووە، زیاترین رووداوی خنکان لە پارێزگای بوشێهر و هورموزگان بووە، کە لە بوشێهر 15 رووداو و لە هورموزگان 8 رووداو تۆمار کراون. هەروەها زیاترین رووداوی گیانلەدەستدان بەهۆی خنکانەوە لە پارێزگاکانی فارس و ئیسفەهان بووە، کە لە پارێزگای فارس 11 کەس لە ماوەی مانگێکدا گیانیان لەدەستداوە و لە ئیسفەهانیش 7 کەس.
 
وەکو گوتەبێژی رێکخراوەکە باسی کرد، گیانلەدەستدانی ئەو کەسانە بەهۆی روودانی لافاو و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی چەم و رووبارەکان بووە.
 
هاوکات داوا لە خەڵک و بەتایبەت گەشتیارانیش دەکات، لەکاتی سەردان و چوونیان بۆ نێو سرووشت، لە لێواری چەم و رووبارەکان دووربکەونەوە، ئۆتۆمبێلەکانیان نەبەنە نزیک رووبارەکان، چونکە مەترسیی روودانی لافاو هەیە.