خۆپێشاندەرێکی ناڕەزایەتییەکانی ئێران لەسێدارەدرا

23-01-2024
نیشانەکردن لەسێدارەدان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ماڵپەڕی میزانی سەر بە دەسەڵاتی دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێران، بڵاوی کردەوە محەممەد قوبادلوو، کە لە ناڕەزایەتییەکانی دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی لە تاران دەستبەسەر کرابوو، بەیانیی ئەمڕۆ لە سێدارە درا.
 
محەممەد قوبادلوو، تەمەن 23 ساڵ، بەوە تۆمەتبار کرابوو؛ لە ناڕەزایەتییەکانی شارۆچکەی پەرەند لە تاران دەستی لە کوشتنی پۆلیسێک و بریندارکردنی پێنج پۆلیسی دیکەدا هەبووە. ساڵی 2022 دیوانی باڵای دادوەریی ئێران سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاندبوو.
 
محەممەد قوبادلوو بەیانی ئەمڕۆ (سێشەممە، 23-1-2024) لەسێدارەدرا، لە کاتێکدا ژمارەیەکی زۆر خەڵک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا داوای راگرتنی حوکمەکەیان دەکرد، پارێزەرەکەشی گوتبووی: جێبەجێکردنی حوکمەکەی بە تەواوەتی نایاساییە و دەبێت پێداچوونەوە بە دۆسییەکەیدا بکرێت.
 
ئەمیر رەئیسیان، پارێزەری قوبادلوو، گوتی: محەممەد قوبادلوو مافی ئەوەی هەیە داوای پێداچوونەوە بکات، بۆیە جێبەجێکردنی حکومەکەی لەڕووی یاساییەوە رێگەپێدراو نییە و، بێگومان وەک کوشتنی بە ئەنقەست لە قەڵەم دەدرێت. 
 
رێکخراوی لێبووردنی بێودەوڵەتیش رۆژی دووشەممە بڵاویکردەوە، دۆسیەی محەممەد قوبادلوو کەموکوڕیی هەیە، ئەو نەخۆشی دەروونیی هەیە و "دانپێدانانەکانی لە ژێر ئەشکەنجەدا وەرگیراون و دۆسییەکەی بە نهێنی کاری لەسەر کراوە. 
 
مەعسومەی ئەحمەدی، دایکی محەممەد قوبادلوو پێشتر لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا گوتبووی "کوڕەکەم نەخۆشیی دەروونیی هەیە، بەبێ پارێزەر لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کردووە و لە یەکەمین خولی دادگەدا حوکمی لەسێدارەدانیان بۆی دەرکردووە."
 
لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا دەسەڵاتی دادوەریی ئێران حوکمی سێدارەی بۆ ژمارەیەکی زۆری خۆپیشاندەری ناڕەزایەتییەکانی ساڵی 2022-2023 دەرکردووە، تاوەکو ئێستا نۆ کەسیان لە سێدارەدراون و ژمارەیەکی دیکەش مەترسییان لەسەرە.
 
هەندێ لەو کەسانەی مەترسیی لەسێدارەیان لەسەر بوو بەهۆی گوشاری بیروڕای گشتییەوە، سزاکانیان هەڵوەشایەوە.
 
ناڕەزایەتییەکان 2022-2023 ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی لە رۆژی 16.09.2022 دەستیانپێکرد، ژینا کچێکی تەمەن 22 ساڵی خەڵکی سەقز بوو، کە لەلایەن پۆلیسی رەوشتی تارانەوە، بە تۆمەتی پابەندنەبوون بە باڵاپۆشی دەستبەسەر کرا، بەڵام لە گرتنگەی پۆلیسدا باری تەندروستیی تێکچوو و گیانی لەدەستدا.
 
خێزانەکەی و داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ دەڵێن، لەلایەن پۆلیسی رەوشتەوە لێی دراوە و بەم هۆیەوە باری تەندروستیی تێکچووە، بەڵام حکومەتی ئێران ئەمە رەتدەکاتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە