خوێندنی باڵای ئێران: 25%ی مامۆستایانی زانکۆ کۆچیان کردووە

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری خوێندنی باڵای ئێران دەڵێت، لە چەند ساڵی رابردوودا 25%ی مامۆستایانی زانکۆ چوونەتە دەرەوەی وڵات.
 
حوسێن سیمایی سەراف، وەزیری خوێندنی باڵای ئێران ئەمڕۆ هەینی لە کۆنفرنسێکی رۆژنامەڤانیدا لە تاران گوتی، "لە چەند ساڵی رابردوودا 25%ی مامۆستایانی زانکۆ وڵاتیان جێهێشتووە. ئەم ئامارە جێگەی نیگەرانییە، چونکە گۆڕینی کەسەکان بە ئاستێکی ئەکادیمیی نزمتر، کوالێتیی خوێندن لە زانکۆکان دادەبەزێنێت."
 
وەزیری خوێندنی باڵای ئێران ئاماژەی بە سەرەکیترین هۆکاری کۆچکردنی مامۆستایانی زانکۆ لە ئێران کرد و گوتی، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان "کەمیی مووچەی مامۆستایانە لە ئێران." ئاماژەی بەوەش کرد، "لە کاتێکدا مووچەی مامۆستایان لە وڵاتانی دراوسێ لەنێوان 4000 بۆ 7000 دۆلاردایە، مووچەی مامۆستایان لە ئێران بە ئەستەم دەگاتە 1000 دۆلار."
 
بە گوتەی سەراف، مامۆستا گەنجەکان لەنێوان 300 تاوەکو 400 دۆلار مووچە وەردەگرن و بەو هۆیەشەوە خواستی ئەو مامۆستایانە بۆ کۆچکردن زیاترە.
 
وەزیری خوێندنی باڵای ئیران هۆشدارییش دەدات لەوەی، "کۆچکردنی مامۆستایانی زانکۆ بووەتە هۆی دابەزینی کوالێتیی خوێندن لە زانکۆکانی ئەو وڵاتە."
 
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێرانیش ئەمڕۆ لە سەمینارێکدا رایگەیاند، "80%ی گەنجانی ئێران دەیانەوێت وڵات بەجێبهێڵن"، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە هۆکارەکانی بکات.
 
ئەوەش لە کاتێکدایە، چەند رۆژێک پێش ئێستا عەلی رەبیعی، یاریدەدەری سەرۆککۆماری ئێران گوتی، کۆچکردن لە ئێران بۆ دەرەوەی وڵات زیادیکردووە و خەریکە تەمەنی کۆچکردنی خەڵک لە ئێران بۆ خوار تەمەنی 18 ساڵ دادەبەزێت.