سوپای پاسداران دەستگیرکردنی 12 کەسی بە تۆمەتی "سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل" راگەیاند

22-09-2024
سینا سۆما
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، "تۆڕێکی سیخوڕیی سەربە ئیسرائیل"یان هەڵوەشاندووتەوە و 12 کەسیان دەستگیر کردووە کە بەنیازبوون کردەی تووندوتیژی لە ناوخۆی ئەو وڵاتە بکەن.
 
نووسینگەی پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران شەوی یەکشەممە، 22ـی ئەیلوولی 2024، رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکدا 12 کەسیان لە شەش پارێزگای ئەو وڵاتە بە تۆمەتی سیخوڕی و هاوکاریکردنی ئیسرائیل دەستگیر کردووە.
 
سوپای پاسداران بێ ئەوەی ئاماژە بە ناوی ئەو پارێزگایانە و ناسنامەی ئەو کەسانە بکات، دەڵێت، ئەو کەسانە ئەندامی تۆڕێکی سەر بە ئیسرائیل بوون و بەنیازبوون کردەوەی دژە ئەمنی لە ناوخۆی ئێران بکەن.
 
سوپای پاسداران دەڵێت: "دوابەدوای شکستی فەزیحەی رژێمی زایۆنی و پشتیوانە رۆژئاوایی و ئەورووپییەکانی و بەتایبەتیش ئەمریکا لە گەیشتن بە ئامانجە ترسناک و شەیتانییەکانی دژ بە خەڵکی غەززە و لوبنان، سەرکردە تاوانبارەکانی ئەم رژێمە ساختە و رەگەزپەرستە بۆ هەڵاتن لە ئاستەنگی ستراتیژی ئەم رۆژانە، هەوڵی گواستنەوەی قەیرانەکە بۆ ناو خاکی کۆماری ئیسلامی ئێران و پلانداڕشتن بەمەبەستی ئەنجامدانی زنجیرەیەک کردەوەی دژە ئەمنی لە وڵاتەکەماندا خستبوویانە ئەجیندای خۆیانەوە."
 
دەشڵێت: "بە مەبەستی بەرپەرچدانەوەی ئەم پیلانگێڕییە، بە وریایی هێزەکانی هەواڵگریی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی تۆڕێکی 12 کەسی لە بەکڕیگیراوان و هاوکارانی ئەو رژێمە کە بەنیازی ئەنجامدانی کردەوەی ئەمنی لە دژی خەڵک بوون، لە شەش پارێزگا دەستنیشانکران و لە ئۆپەراسیۆنێکی هەواڵگرییدا دەستگیرکران."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە