لە ئێران بوومەلەرزە روویدا و 28 کەس بریندار بوون


رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ سێ بوومەلەرزە لە شاری بوجنورد، ناوەندی پارێزگای خوراسانی باکوور لە باکووری رۆژهەڵاتی ئێران بە گوڕی 4.1، 4.7 و 5.2 پلەی رێختەر روویاندا. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، 28 کەس بریندار بوون و ژمارەیەک خانووش زیانیان بەرکەوتووە.
 
بەپێی راپۆرتی ناوەندی تۆمارکردنی بوومەلەرزەی ئێران، بوومەلەرزەی یەکەم بە گوڕی 4.1 پلەی رێختەر، کاژێر 03:21 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ـی ئەیلوولی 2024 روویداوە، دوای 7 خولەک بوومەلەرزەی دووەم بە گوڕی 4.7 پلەی رێختەر روویداوە.
 
دوای ئەو دوو بوومەلەرزەیە، دوو پاشلەرزەش بە گوڕی 3.2 و 3.3 پلەی رێختەر شاری بوجنورد و گوندەکانی دەوروبەری شارەکەیان هەژاند. هەمان سەرچاوە دەڵێت، بوومەلەرزەی سێیەمیش کاژێر 16:12 خولەکی ئەمڕۆ بە گوڕی 5.2 پلەی رێختەر روویداوە.
 
بەپێی ناوەندی تۆمارکردنی بوومەلەرزەی ئێران، چەقی بوومەلەرزەکان 8 کیلۆمەتر لە ناوەندی شاری بوجنورد دوور بوون. هەروەها بوومەلەرزەکان لە شارەکانی دیکەی پارێزگاکەش هەستیان پێکراوە.
 
بەپێی زانیارییەکان، بەهۆی بوومەلەرزەکانەوە 28 کەس بریندار بوون، ژمارەیەک خانووش لە گوندەکانی مەهنان، قەرەباشوو و ئەسەدلی سەر بە شاری بوجنورد درزی بردووە و زیانیان پێگەیشتووە.
 
کۆمەڵەی مانگی سووری ئێران رایگەیاند، 20 تیمیان رەوانەی ناوچەکە کردووە بۆ ئەوەی لێکۆلێنەوە و بەدواداچوون بۆ زیانەکانی بوومەلەرزەکە بکەن و هاوکاری بەسەر زیان پێگەیشتووەکان دابەش بکەن.
 
هەروەها مانگی سووری ئێران داوای لە خەڵکی بوجنورد کرد، بەهۆی ئەگەری روودانی بوومەلەرزەی دیکە ئەمشەو لە ماڵەکانیان نەمێنن. روونیشیکردەوە، تیمەکانیان لە پارێزگای خوراسانی باکوور خراونەتە ئامادەییەوە.