ژمارەی گیانلەدەستدان لە تەقینەوەی کانە خەڵووزەکەی ئێران بۆ 51 کەس بەرزبووەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

تەقینەوە لە کانێکی خەڵووز لە تەبەسی پارێزگای خوڕاسانی باشووری ئێران روویدا، بەڕێوەبەری گشتیی کۆنترۆڵی قەیرانەکانی پارێزگاکە دەڵێت، لانیکەم 51 کەس گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەک کرێکاریش لە کانەکەدا گیریان خواردووە.
 
رووداوەکە کاژێر 21:00ی شەوی رابردوو (شەممە 21-09-2024) روویدا. محەممەد عەلی ئاخوندی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆنترۆڵی قەیرانەکانی پارێزگای خوڕاسانی باشوور بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاند، ئەگەری زۆرە ژمارەی قوربانییان زیاد بکات.
 
جگە لەو 51 کەسەی گیانیان لەدەستداوە، 20ـی دیکەش برینداربوون و گوێزراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
 
لەبارەی هۆکاری رووداوەکەوە محەممەد عەلی ئاخوندی گوتی، "بەهۆی خێرا بڵاوبوونەوەی گازی میسان و مۆنۆکسیدی کاربۆن (یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن) روویداوە، کە بووەتە هۆی خنکانی ژمارەیەک کرێکار."
 
بەهۆی بڵاوبوونەوەی گازەکان، دوو بلۆکی کانەکە کە پێکەوە بەستراونەتەوە و دوو کیلۆمەتر لە یەکدی دوورن، بۆ جاری دووەم مەترسیی تەقینەوەیان لەسەرە.
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی قەیرانەکانی پارێزگاکە ژمارەیەک لە کرێکاران لە بلۆکی Bی کانەکەدا گیریان خواردووە، بڕیارە بۆ خێراترکردنی فریاگوزارییەکان، وەزیری ناوخۆی ئێران بگاتە شوێنی رووداوەکە و لە نزیکەوە چاودێریی پڕۆسەی رزگارکردنی کرێکاران بکات.

 

 
محەممەد عەلی ئاخوندی ئاماژەی بە سەختیی پڕۆسەی رزگارکردنی ئەو کرێکارانە کرد کە گیریان خواردووە و گوتی، "رزگارکردنی بریندارەکان لە قوڵایی 250 مەتر لە کانەکەدا کارێکی قورسە و دەبێت هەلومەرجێک بڕەخسێندرێت کە تیمەکانی فراگوزاری تووشی هیچ رووداوێکی نەخوازراو نەبن."
 
وەکو بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی قەیرانەکانی خوڕاسانی باشوور دەڵێت. ژمارەیەک لە ئەندامانی تیمی فریاگوزاریش لە کاتی دەرهێنانەوەی کرێکاراندا، بریندار بوون.
 
لە کاتی تەقینەوەی کانی خەڵووزی تەبەس، 69 کرێکار لە بلۆکەکانی B و C سەرقاڵی کارکردن بوون.
 
پڕۆسەی رزگارکردنی ئەو کرێکارانە لەلایەن هەشت تیمی فرییاگوزاریی پێنج کەسییەوە بەردەوامە و پێشبینی دەکرێت ژمارەی قوربانیانی کانەکە بەرز ببێتەوە.