رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی تەقینەوە لە کانە خەڵوزێکی باشووری پارێزگای خۆراسانی ئێران، 19 کەس گیانیان لەدەستداوە و 17ی دیکەش بریندار بوون. هەروەها 30 کەسی دیکەش هێشتا لەژێر داروپەردووی کانە رووخاوەکەدا گیریان خواردووە.
رۆژی یەکشەممە 22-09-2024 میدیای فەرمیی ئێران رایگەیاند، تەقینەوەکە کاژێر 09:00ی شەوی شەممە (08:30 بە کاتی ئێران) روویداوە. رووداوەکە بەهۆی تەقینەوەی گازی میسانەوە بووە، لە هەردوو بەشی (B) و (C) کانەکە روویداوە.
کانەکە لەلایەن کۆمپانیای مادانجۆوە کاری تێدا دەکرێت و تەواوی ستافی کانەکە لە 69 کەس پێکدێن.
هەرچەندە ئێران بە نەوت دەوڵەمەندە، بەڵام ژمارەیەکی زۆر لە کانی خەڵووز لە وڵاتەکەدا هەن.
ساڵانە ئێران زیاتر لە 3.5 ملیۆن تۆن خەڵوز بەرهەمدەهێنێت، لەو ژمارەیەشدا تەنیا 1.8 ملیۆن تۆن هەناردە دەکات، بەشەکەی دیکەش لە نێوخۆدا و بەتایبەتیش لە پیشەسازیی بەرهەمهێنانی پۆڵادا بەکاردەهێنێت.
ئەمە یەکەمجار نییە تەقینەوە لە کانەکانی خەڵووز لە ئێران روودەدات. ساڵی 2013 لە دوو رووداوی تەقینەوەی کانەکاندا 11 کەس گیانیان لەدەستدا و لە ساڵی 2017ش 42 کەس لە یەک کاندا گیانیان لەدەستدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ