ئێران؛ تۆمەتباری سەرەکیی هێرشەکەی شیراز بە دوو جار لە سێدارەدان سزادرا

22-09-2023
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دادگەی شۆڕشی شیراز، سزای دووجار لە سێدارەدانی بەسەر تۆمەتباری سەرەکیی دۆسیەی رووداوی هێرشکردنە سەر مەزارگەی شاهچراغ لە شاری شیرازی ئێران دەرکرد، دوو تۆمەتباری دیکەش سزای پێنج ساڵ بەندکردنیان بەسەردا سەپێندرا.
 
بەپێی ئاژانسی میزان، کە میدیای فەرمیی دەسەڵاتی دادی ئێرانە، رۆژی پێنجشەممە، 21ی ئەیلوولی 2023، کازم موسەوی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادی پارێزگای فارس رایگەیاند، دوای تێپەربوونی 40 رۆژ بەسەر رووداوی هێرشکردنە سەر مەزارگەی شاهچراغ لە شاری شیراز و بەڕێوەچوونی سێ دانیشتنی دادگە لەبارەی دۆسیەکەوە، دادگەکە بڕیاری خۆی دا.
 
کازم موسەوی رایگەیاند، تۆمەتباری سەرەکیی دۆسیەکە، رەحمەتوڵڵا نوورۆزۆڤ، بە ناسناوی مستەفا ئەسلەم یار کە خەڵكی تاجیکستانە. ئێوارەی رۆژی 13ی تەممووزی ئەمساڵ هێرشی کردە سەر مەزارگەی شاهچراغی شیراز، بە "دژایەتی خوا و گەندەڵیی لەسەر زەوی، تێکدانی ئاسایشی وڵات لە رێگەی چالاکی چەکداری لە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران" تۆمەتبار کرا و دوای چەندین قۆناخی لێکۆڵینەوە و 20 کاژێر دانیشتنی دادگە کە لە لقی یەکەمی دادگەی شۆرشی شاری شیراز بەڕێوەچوو، دوو جار سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا.
 
بە گوتەی کازم موسەوی، "لە لێکۆڵینەوەکاندا ئەوە سەڵمێنرا کە تۆمەتباری سەرەکیی دۆسیەکە پەیوەندییەکی رێکخراوەیی لەگەڵ ئەندامانی داعش هەبووە، هەروەها لە دادگە دانی بەوەدا ناوە کە ئەندامی داعشە و بە مەبەستی کوشتن و بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن چەکی بەکارهێناوە."
 
لە هێرشەکەی سەر مەزارگەکە دوو کەس کوژران و حەوت کەسیش بریندار بوون. کازم موسەوی گوتی: "بۆیە دادگە دوو تۆمەتی دژایەتیکردنی خوا و چەکهەڵگرتن لە دژی کۆماری ئیسلامی بەسەر ئەو کەسەدا پشتراست کردەوە و ئەو کەسەی وەکو تاوانبار ناساند و بڕیاری دوو جار سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاند."
 
سەرۆکی دەسەڵاتی دادی پارێزگای فارس هەروەها رایگەیاند، تۆمەتباری دووەم و سێیەمی دۆسیەکەش، حەبیبوڵلا عەرەبزادە و ئەمروڵڵا نەزەری کە بە هاوکاریکردنی تۆمەتباری سەرەکیی لە 'دژایەتیکردنی خوا، گەندەڵیی لەسەر زەوی و دەستتێکەڵکردن بە ئامانجی تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران'، تۆمەتبار کرابوون، بەهۆی ئەوەی ئاگایان لە نیەتی رەحمەتوڵڵا نوورۆزۆڤ بۆ ئەنجامدانی هیرشەکە نەبووە، لە هەر دوو تۆمەتی سەرەکیی هاوکاریکردنی تۆمەتباری سەرەکیی لە دژایەتیکردنی خوا و گەندەڵیی لەسەر زەوی بێبەری کران، بەڵام لەبەر ئەوەی زەمینەیان بۆ هێرشەکەی شاری شیراز ئامادە کردووە و بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی وڵات، هەر یەکێکیان بە پێنج ساڵ بەندکردن سزادران.
 
یەکەمین کۆبوونەوەی دادگەییکردنی سێ تۆمەتباری سەرەکیی هێرشەکەی مانگی رابردووی شاری شیراز، رۆژی یەکشەممە، 10ی ئەیلولی 2023 لە لقی یەکەمی دادگەی شۆرشی ئەو شارە بە سەرۆکایەتی دادوەر مەحموود ساداتی بەڕێوەچوو.
 
ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، 13-08-2023، لە شاری شیرازی ناوەندی پارێزگای فارسی ئێران، چەکدارێک هێرشیکردە سەر مەزارگەی شاهچراغ و تەقەی لە کارمەندان و زیارەتکارانی مەزارگەکە کرد و لە ئەنجامدا کەسێک کوژرا و هەشت کەسیش بریندار بوون. دواتر یەکێک لە بریندارەکان لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا. 
 
رۆژی هەینی، 18-8-2023، وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران لەبارەی هێرشەکەی شاری شیراز راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "هێرشکارەکە خەڵکی تاجیکستانە و لە رێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تەلەگرامەوە پەیوەندی بە ریزەکانی داعشەوە کردووە و دواتر چووەتەوە تورکیا و پاکستان و لەوێوە چووەتەوە ئەفغانستان و لە ویلایەتی بەدەخشان راهێنانی پێکراوە، دواجار لە سنوورەکانی رۆژهەڵاتی ئێرانەوە بە شێوەیەکی نایاسایی هاتووتە نێو ئەو وڵاتە."
 
تشرینی یەکەمی 2022ش لە هێرشێکدا بۆ سەر هەمان مەزارگە، 13 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 20 کەسیش بریندار بوون. ئەوکات، رێکخراوی داعش بەرپرسیارێتیی ئەو هێرشەی لەئەستۆ گرت.
 
دادگەی شۆڕشی شیراز سزای لەسێدارەدانی بەسەر دوو هاووڵاتیی ئەفغانستانیدا بە ناوەکانی محەممەد رامز رەشیدی و نەعیم هاشم قیتالی سەپاند و لە 8-7-2023 هەردوو کەس لە شوێنێکی گشتی شاری شیراز لەسێدارەدران.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە