لەگەڵ کوژرانی 16 خۆپێشاندەر، ئێران ئینتەرنێت سنووردار دەکات


رووداو دیجیتاڵ

دوای چەندین رۆژ لە خۆپێشاندان دژی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، کە تاوەکو ئێستا لانیکەم کوژرانی 16 خۆپێشاندەری لێکەوتووەتەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە حکومەتی ئێران ئینتەرنێتی سنووردار کرد. 
 
ناڕەزاییەکانی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە دوای ئەوەی کە رۆژی هەینی گیانلەدەستدانی ژینای تەمەن 22 ساڵ راگەیێنرا بەردەوامە، ئەو کچەی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بە تۆمەتی "نەگونجاویی" سەرپۆشەکەی لەلایەن پۆلیسی رەوشتی ئێرانەوە دەستگیرکرابوو. 
 
ئەو کەسانەی کە لەگەڵ ژینا دەستگیرکرابوون بە باوکی کچە کوردەکەیان گوتبوو کە پۆلیس بە دار لە سەری کەچەکەیانی داوە، بەڵام بەرپرسانی ئێران ئەو تۆمەتە رەتدەکەنەوە و دەشڵێن، دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە. 
 
لە ماوەی شەش شەوی خۆپێشاندانی لەسەر یەک، ژمارەیەک خۆپێشاندەری ژن وەک دەربڕینێکی ناڕەزایی، سەرپۆشەکانیان سوتاندووە یان قژی خۆیان بڕیوە. 
 
بەشێک لە خۆپێشاندەرانی تاران لە گردبوونەوەیەکدا درووشمی "نەخێر بۆ سەرپۆش، نەخێر بۆ عەمامە، بەڵێ بۆ ئازادی و یەکسانی"یان بەرزکردەوە. 
 
خۆپێشاندانی هاوشێوە لە چەندین وڵاتی دیکە بۆ پشتیوانیکردنی ناڕەزایەتیی نێوخۆی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کراون. 
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش، هۆشداری دژی سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە دراوە، لە نێویشیاندا لە لایەن جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە کاتی پێشكێشكردنی گوتارەکەی لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان.  
 
بایدن رۆژی چوارشەممە، بە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانی گوت: "ئەمڕۆ ئێمە پشتیوانیی هاووڵاتییە بوێر و ژنە بوێرەکانی ئێران دەکەین کە لەم ساتەدا خۆپێشاندان بۆ مسۆگەرکردنی مافە سەرەتاییەکانیان دەکەن."
 
"ژن، ژیان، ئازادی"
 
بایدن ماوەیەکی کەم دوای ئەوە قسەی کرد کە سەرکردەکانی جیهان گوێیان لە گوتاری پێداگرانەی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران گرت. 
 
رەئیسی ئاماژەی بە گیانلەدەستدانی ژنانی رەسەنی کەنەدا و پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل بەرامبەر بە فەلەستینییەکان و "دڕندەیی" داعش بەرامبەر بە پێکهاتە ئایینییەکان کرد. 
 
سەرۆککۆماری ئێران گوتی: "تاوەکو ئەم دووفاقییە هەبێت کە سەرنج تەنیا لەسەر لایێک بێت و لەسەر هەمووان نەبێت بە یەکسانی، ئەوا دادپەروەریی راستەقینەمان بەدەستناکەوێت."
 
میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردووەتەوە کە تاوەکو رۆژی چوارشەممە خۆپێشاندان بە شەقامەکانی 15 شاردا بڵاوبووەتەوە، لە کاتێکدا کە پۆلیس هەوڵدەدات بە بەکارهێنانی گازی فرمێسکڕێژ و دەستگیرکردن بڵاوە بە خۆپێشاندەران بکات. 
 
لە باشووری ئێران، ڤیدیۆیێکی رۆژی چوارشەممە بڵاوبووەوە کە تێیدا دەردەکەوێت خۆپێشاندەران وێنەیەکی گەورەی قاسم سولەیمانی کە بە تەنیشتی باڵەخانەیەکەوە بوو، دەسووتێنن. 
 
خۆپێشاندەران بەردیان لە هێزە ئەمنییەکان گرت و گڕیان لە ئۆتۆمبێلی پۆلیس و سەبەتەکانی خۆڵ بەردا، هەروەها درووشمی دژی حکومەتیان گوتەوە، ئەمە بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی ئیرنا. 
 
خۆپێشاندەران درووشمی "مردن بۆ دیکتاتۆر" و "ژن، ژیان، ئازادی"یان بەرزکردەوە و ڤیدیۆی ناڕەزاییەکە لە نێوخۆ و دەرەوەی ئێران بە شێوەیەکی بەرفراوان بڵاوبوونەوە، وێڕای سنووردارکردنی ئینتەرنێت. 
 
رۆژی پێنجشەممە، ئێران هەوڵیدا کۆتوبەندی زیاتر بخاتە سەر ئینستاگرام و واستاپ.
 
میدیای ئەو وڵاتە رایگەیاند: "بە گوێرەی بڕیارێکی حکومەت، لە ئێوارەی دوێنێوە چیدیکە ناتوانرێت ئینستاگرام لە نێو ئێراندا بکرێتەوە و واتساپیش کێشەی تێکەوتووە."
 
ئەو دوو ئەپڵیکەیشنە لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان زۆرترین بەکارهێنەریان هەبوو، چونکە فەیسبووک، تویتەر، تەلەگرام، یوتیوب و تیکتۆک لە ساڵانی دواییدا لەو وڵاتە قەدەخەکراون. 
 
رۆژی پێنجشەممە، میدیای ئێران رایگەیاند، سێ ئەندامی هێزە ئەمنییەکان کە بۆ رێگریکردن لە "ئاژاوەگێڕان" بڵاوکرابوونەوە، لە شارەکانی تەورێز، قەزوین و مەشهەد، بە تەقە یان چەقۆ کوژراون. 
 
گیانلەدەستدانی ئەندامێکی دیکەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە شاری شیراز راگەیێندرا. هەروەها کوژرانی خۆپێشاندەرێک بە چەقۆ لە قەزوین راگەیێندرا. 
 
گرووپی هەنگاو، کە گرووپێکی کوردییە و بنکەی سەرەکیی لە نەرویجە، رۆژی چوارشەممە گیانلەدەستدانی دوو خۆپێشاندەری تەمەن 16 و 23 ساڵ لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان راگەیاند. 
 
حکومەتی ئێران بەهەموو شێوەیەک تێوەگلانی خۆی لە کوژرانی خۆپێشاندەران رەتدەکاتەوە. ئەمنستی ئینتەرناشناڵ دەڵێت، کوژرانی هەشت کەسیان تۆمارکردووە، شەشیان پیاو، یەک ژن و یەک منداڵ، کە چواریان گوایە لە نزیکەوە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە تەقەیان لێکراوە. 
 
ئەو رێکخراوە کە پێگەی سەرەکیی لە لەندەنە، سەرکۆنەی نەتەوە یەکگرتووەکانی کرد لە بەرامبەر پێدانی بوار بە رەئیسی بۆ ئەوەی لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا قسە بکات. رێکخراوەکە گوتیشی ئەوە "شکستی دووبارە"ی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ لێپێچینەوە و سزادان دەردەخات.