لە ناڕەزایەتییەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان سێ خۆپێشاندەری دیکە گیانیان لەدەستدا

22-09-2022
هیدایەت جان
وێنەی خۆپێشاندان لە نەغەدە
وێنەی خۆپێشاندان لە نەغەدە
نیشانەکردن ژینا ئەمینی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکان بەهۆی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان تادێت زیاتر پەرە دەستێنیت و بەپێی ئاماری رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی ئێران، شەوی رابردوو لە زیاتر لە 57 گەورەشار و سەتان شارۆچکەی ئەو وڵاتە، خەڵک چوونەتە سەر شەقام و رووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان بوونەتەوە. لە رووبەڕووبوونەوەکاندا لانیکەم سێ خۆپێشاندەر گیانیان لەدەستداوە.
 
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، 21-9-2022 لە رۆژهەڵاتی کوردستان، لە شارەکانی، شنۆ، نەغەدە، ورمێ، پیرانشار، سنە، سەردەشت، کرماشان، ئیسلامئاباد، مهاباد، بانە، پاوە، بۆکان، سەقز، شاباد، نەوبەهار، دێلوڕان، ئیلام خۆپێشاندان دەستیپێکرد و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ناسنامەی ژمارەیەک کوژراو و برینداریان بڵاوکردەوە.
 
هاوکات لە شارەکانی تاران، ئیسفەهان، مەشهەد، کەرەج، بابول، شەهری کورد، تەورێز، شەهسەوار، زەنجان، نەوشەهر، قوم، نەهاوەند، قایمشەهر، زاهیدان، لاهیجان، بابلسەر، سیرجان، ئامول، کرمان، سمنان، خوراسانی رەزەوی، قیشم، فارس، وەرامین، گومبەدی کاووس، ئەنزەلی، نەیشابوور، دیزفوول، گیلان و دەیان شار و شارۆچکەی دیکەی ئێران پێکدادان لەنێوان خۆپێشاندەران و هێزە ئەمنییەکان روویدا.
 
بەپێی ئەو دیمەنانەی لە خۆپێشاندانەکان بڵاودەکرێتەوە، هێزە ئەمنییەکان راستەوخۆ تەقە لە هاووڵاتییان دەکەن و لە هەندێک لە شارەکان باڵەخانەی قایمقامیەت و بنکەکانی پۆلیس و دامودەزگاکانی حکومەت کەوتوونەتە دەست خۆپێشاندەران و بەشێک لە ئۆتۆمبێلی هێزە ئەمنییەکان لەلایەن خۆپێشاندەرانەوە سووتێندراون.
 
بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان شەوی رابردوو دوو خۆپێشاندەر بە ناوەکانی ئەمین مەعروفی تەمەن 16 ساڵان و سەدرەدین لیتان لە شاری شنۆ، هەروەها دانیش رەهنوما لە ورمێ بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان کوژراون. ژمارەی بریندارانیش تاوەکو کاژێر 12:00ی شەو گەیشتە سەرووی 50 کەس. بەپێی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان 20 لە بریندارەکان دانیشتووی شنۆن.
 
ئەو رێکخراوە ئاماری قوربانییانی سێ رۆژی رابردووی بڵاوکردووەتەوە دەڵێت، حەوت خۆپێشاندەر لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە ناوەکانی فەرەیدوون مەحموودی، رەزا لوتفی، موحسین محەممەدی، فوئاد قەدیمی، فەرجاد دەروێشی، زەکەریا خەیاڵ و مینوو مەجیدییە گیانیان لەدەستداوە.
 
رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاویش ئاماری کوژراو و بریندارانی خۆپێشاندانەکانی تاوەکو ئێوارەی رۆژی چوارشەممە بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت حەوت خۆپێشاندەر گیانیان لەدەستداوە و 450 کەسیش بریندار بوونە.
 
ژمارەی قوربانییەکان بەپێی شارەکان:
 
دیواندەرە: دوو کوژراو و 33 بریندار
سەقز: یەک کوژراو و 74 بریندار
بانە: 40 بریندار
مهاباد: 23 بریندار
بۆکان: 17 بریندار
سنە: 66 بریندار
مەریوان: نۆ بریندار
دێولان: یەک کوژراو و 16 بریندار
بیجاڕ: نۆ بریندار
قوروە: 17 بریندار
تیکاب: حەوت بریندار
ماکۆ: شەش بریندار
ورمێ: یەک کوژراو و 20 بریندار
پیرانشار: یەک کوژراو و 48 بریندار
کرماشان: یەک کوژراو و 36 بریندار
ئیلام: 13 بریندار
نەغەدە: 15 بریندار

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە