ڤیدیۆ؛ پیاوێکی ئێرانی بۆنیدی ئۆتۆمبێل و خەیار بە جەستەیەوە دەلکێن

 
رووداو دیجیتاڵ

پیاوێک لە تارانی پایتەختی ئێران ناونراوە پیاوە موگناتیسییەکە، بۆنیتی ئۆتۆمبێل لەخۆی نزیکدەکاتەوە بە جەستەیەوە دەلکێت، جگە لەو شتانەی پێکهاتەی ئاسنیان هەیە، تەختە و خەیاریش بە جەستەیەوە دەلکێن.
 
ئەو پیاوە ئێرانییە کێبڕکێی کەسێکی ئۆکراینی دەکات کە 53 کەوچکی بەخۆیەوە لکاند، بەوەی ریکۆردی ئەو پیاوە ئۆکراینییەی شکاند و 85 کەوچکی بەخۆیەوە لکاند.
 
عەبدولفازل سابر ناسراو بە پیاوە موگناتیسییەکە دەڵێت "کە منداڵ بووم پێنج تمەنی ئاسنم بە پەنجەکانمەوە دەلکاند و لەسەر شەقام رامدەکرد. یاریم زۆر دەکرد و ئەمەش بەلای منەوە جێگەی سەرنج بوو. کات تێپەڕی و بە سوودەکانیم زانییەوە، دوایی کچەکەم ڤیدیۆیەکی پیشاندام کە پیاوێکی هیندی کەوچک بە جەستەیەوە دەنوسێنێت، هەمان کارم دووبارەکردەوە، کچەکەم گوتی دەتوانی کەوچکیش بەخۆتەوە بلکێنی؛ گوتم بەڵێ. ئەمە کاری بەردەوامی من بووە دوای چەندین ساڵ".
 
ئەگەر تەنیا بە پیاوی موگناتیسی ناوی ببرێت، لەوانەیە غەدر بێت لە لە عەبدولفازل، چونکە ئەم پیاوە توانای زیاتر لە راکێشانی ماددەی ئاسنینی هەیە، وەکو تەختە و خەیار و هەموو ماددەیەکی نەگەیەنەر.
 
عەبدولفازل بە مێشکی کۆنترۆڵی ئەم وزەیەی کردووە، هەرکات ویستی شتێک بە جەستەیەوە بلکێت، لە رێگەی مێشکییەوە فەرمان دەکات، کە ویستی لێی ببێتەوە، هەر لە رێگەی مێشکیەوە داوادەکات.
 
ئەو پیاوە دەڵێت "ئەو کارەی ئەنجامی دەدەم و شت بارگاوی دەکەم، بە هێز و توانای مێشکم و بە سەرنجدانمە، ئەو وزەیەی لە جەستەمدایە دەیدەم بە کەوچک و شتی وا، خۆشتان دەزانن کە 100% راستە کە هیچ کەسی دی لە جیهاندا ئەم توانایەی نییە. من کەسێکی موگنەکارم. بە واتایەکی دیکە، توانای مێشکم بەکاردەهێنم بۆ ئەم شتە. خۆ ئەم کەلوپەلانە موگناتیسی نین، ئەگەر وابوایە ئەم شتانە تەنیا بە منەوە دەنووسان، کە دەتوانم ئەوە بۆ کەسێکی دیکە بگوازمەوە، مانای وایە کار و کاردانەوە هەن و وزەیەک هەیە".
 
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان عەبدولفازل ناو و دەنگی باشی پەیداکردووە، ئەم پیاوە دەیەوێت سەرجەم ریکۆردە جیهانییەکان بشکێنێت بە ریکۆردەکانی کتێبی گینسیشەوە.
 
شتێکی دیکە لەم پیاوە جێگەی سەرنجە، ئەویش ئەوەیە کە دەست بدات لە هەر کەسێک، ئەویش بارگاوی دەبێت و کەلوپەل پێیەوە دەلکێت.