ئێران درۆنێکی نوێ نمایش دەکات کە دەتوانێت بگاتە ئیسرائیل
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی ئێران نوێترین بەرهەمی درۆنی لە جۆری موهاجیر - 10 دروستکردووە و لەکاتی نمایشکردنی درۆنەکەدا، ئێران گوتی، ئەو بەرهەمە نوێیەیان درۆنی درێژمەودایە و دەتوانێت بگاتە ئیسرائیل.
رۆژی سێشەممە، 22ـی ئابی 2023، وەزارەتی بەرگریی ئێران نوێترین درۆنی دروستکراوی وڵاتەکەی نمایشکرد بە ناوی درۆنی موهاجیر - 10 کە هاوشێوەی درۆنی ریپەر - 9ـی ئەمریکییە و درۆنەکە توانای هەیە بە درێژایی 24 کاژێر لە ئاسماندا بمێنێتەوە و بشگاتە ئیسرائیل.
میدیای فەرمیی ئێرانی، وێنەی درۆنەکەی بڵاوکردووەتەوە کە لە کۆنفرانسێکی پیشەسازیی کەلوپەلی سەربازیی ئێرانی تواناکانی درۆن موهاجیر - 10 نمایشکراوە. درۆنەکە چەند پەیامێکی بە زمانی عیبری لەسەر نووسراوە، ئامانجیش لەمە ناردنی پەیامی ئاگادارکردنەوەیەوە بۆ ئیسرائیلییەکان.
وەزارەتی بەرگریی ئێران ئاماژەی بەوەکردووە، درۆنە نوێیەکەیان توانای بڕینی زیاتر لە دوو هەزار کیلۆمەتر و فڕینی بە بەرزایی زیاتر لە حەوت کیلۆمەتر هەیە، خێراییەکەشی 210 کیلۆمەترە لە کاژێرێکدا. هەروەها توانای هەڵگرتنی 300 کیلۆگرام بۆمبی هەیە، لەگەڵ ئەوەش کامێرای چاودێری و تۆمارکردنی لەسەر بەستراوە.
سەبارەت بە درۆنە نوێیەکەیان، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، ئەو بەرهەمە نوێیەیان توانا پێشکەوتووەکانی ئێران لە بواری تەکنەلۆژیا و سەربازیدا پیشان دەدات.
هەروەها میدیای فەرمیی ئێران، ڤیدیۆی نمایشی درۆنە نوێیەکەی بڵاوکردووەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا تواناکانی ئەو درۆنە لەلایەن لایەنی سەربەخۆوە پشتڕاست نەکراونەتەوە. هەروەها هەتا ئێستاش ئیسرائیل هەڵوێستی لەسەر ئەم پێشهاتە نوێیەی ئێران نەبووە.
لەگەڵ نمایشکردنی ئەو درۆنە نوێیە، تاران بەرهەمهێنانی دوو جۆری نوێی مووشەکی بالیستی دیکەشی راگەیاند. درستکردنی درۆن و مووشەکی نوێ لەلایەن ئێرانەوە، هاوکاتە لەگەڵ سەردانی شاندێکی باڵای ئێران بۆ رووسیا بە مەبەستی فراوانکردنی هاوئاهەنگییە سەربازییەکانی نێوان مۆسکۆ و تاران. ئەمەش لەکاتێکدایە کە درۆنەکانی ئێران رۆڵێکی بەرچاویان هەبووە لە هێرشە ئاسمانییەکانی رووسیا لە ئۆکراینا لە ساڵ و نیوی رابردوودا، بەتایبەت جۆرە کۆنەکەی ئەو درۆنە کە بە درۆنی موهاجیر - 6 ناسراوە.